رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر سووریا، راستەوخۆ هەڕەشەشن بۆ سەر تورکیا. دەشڵێت، ئەوانەی لە ژێر سێبەری بەرەنگاربوونەوەی داعش بە ناوی هەسەدە ئەجێندای جوداخوازیی پەیڕەو دەکەن، پێویستە واز لەو هاوکێشەیە بێنن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنقەرە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێکاری خۆی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بگۆڕێت" و گوتیی: "حکومەتی سووریا ئەو ئیرادەیەی تێدایە کە بەرەنگاری داعش ببێتەوە."
هاکان فیدان باسی لەوە کرد، هەموو لایەک پێویستە پشتیوانی لەو دۆخەی سووریا بکەن. دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنی سووریا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەسەدەی بە جوداخواز ناوبرد و گوتی: "ئەوانەی لە ژێر سێبەری بەرەنگاربوونەوەی داعش بە ناوی هەسەدە ئەجێندای جوداخوازیی پەیڕەو دەکەن، پێویستە واز لەو هاوکێشەیە بێنن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، لەگەڵ هاوتا سووریاییەکەی باسیان لە زۆر پرس لەوانەش رێککەوتنی 10ی ئادار کردووە و گوتی: "پێشتریش جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی تورکیا کە 911 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە، بۆ تورکیا زۆر گرنگە. ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر سووریا، ئەوە راستەوخۆ هەڕەشەشن بۆ سەر تورکیا".
ئەو رێککەوتنەی هاکان فیدان باسی کرد، رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا کرا.
هاکان فیدان گوتی، "هەسەدە نابێ بە دەستوورێکی جیاواز و رێکاری دیکە بجوڵێتەوە. پێویستە رێکارێک بدۆزرێتەوە کە بەسوودی هەردوولا و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی سووریا بێت." راشیگەیاند: "گرنگە هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە سووریا هەڕەشە بۆ سەر ئێمە و یان ناوچەکە نەبێت".
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەسعەد حەسەن شەیبانی رایگەیاند، لەگەڵ هەسەدە لەسەر بنەمای یەک وڵات، یەک سوپا و یەکپارچەیی خاک، دیالۆگ دەکەن."
شەیبانی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئیسرائیل تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەرمان و پێشێلی سنوورەکانی وڵاتەکەمان دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ