رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، هیوادارن لە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەریدا، تورکیایەکی بێ چەک دروست ببێت. دەشڵێت، "هەموو چین و توێژەكان چاوەڕێن، ئەنجامی دانوستاندنەكان ئەرێنی بێت''.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "دوای داگیرکردنی عێراق، هێزە داگیرکەرەکان لەڕێگەی دابەشکردن و پارچەکردنی وڵاتانەوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان لەڕووی ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی پەرشوبڵاوکرد."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی، ئەرک و بەرپرسیاریێتیی وڵاتەکەی، "بەهێزکردنی ناوچەکە و یەکخستنەوەی ئەو پەرشوبڵاوییەیە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، گرنگترین بابەت کە لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پشتی پێدەبەستین، پێکهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ''سەرجەم چین و توێژەکان چاوەڕێی ئەوەن ئەو دانوستاندنانە ئەنجامێکی ئەرێنی و پێکهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆری لێبکەوێتەوە''.
کورتوڵموش هیوای خواست داوای دانانی چەک لە پەکەکە بکرێت و شەڕی 40 ساڵەی تورکیا و پەکەکە کۆتایی پێ بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیکردەوە، دەیانەوێت لە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەریدا، تورکیایەک دروستببێت کە چەکەکان تێیدا قسە نەکەن و هەستی برایەتی تێیدا بەهێزبکرێت.
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆتاییهات.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، شاندەکە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکات.
هەر بەگوێرەی میدیای تورکیا، رۆژی دواتر سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگەی کۆجائەلیی تورکیا دەکەن و لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەش دیدارێک سازدەکات.
شاندەکە دوای سەردانیکردنی دەمیرتاش، دەچێتەوە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ