دامەزرێنەرێکی ئاکپارتی داوا دەکات هاوشێوەی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کوردی سووریا بکرێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا رەخنەی تووند لە سیاسەتی ئێستای حکومەتی تورکیا لەبارەی سووریا دەگرێت و دەڵێت، بەرزکردنەوەی پلەی ئەحمەد شەرع بۆ سەرۆککۆمار و پشتگوێخستنی کورد "هەڵەی عەقڵی دیپلۆماسییە."
 
حوسێن چەلیک، سیاسەتڤانی دیاری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی لەوە گرت کە لە پرۆسەی گۆڕانکاریی دەسەڵات لە سووریا، ئەحمەد شەرع (سەرکردەی پێشووی دەستەی تەحریری شام) کراوەتە موخاتەب، بەڵام کوردەکان پشتگوێ خراون.
 
چەلیک نووسیویەتی: "بە موخاتەب وەرگرتنی ئەحمەد شەرع و تیمەکەی، کە لە 'تیرۆریست'ـەوە پلەی بەرزکرایەوە بۆ سەرۆککۆماری سووریا و داننەنانی هیچ دیالۆگێک لەگەڵ کوردی سووریا، بەرهەمی کام عەقڵی دیپلۆماسییە؟"
 
بە بڕوای ئەو سیاسەتڤانە، "گەورەیی کۆماری تورکیا و گەلی تورک، لەوەدایە برا کوردەکانی لە سووریا بۆ بەزەیی ئەمریکا، ئیسرائیل یان هەندێک رێکخراوی تیرۆریستی بەجێنەهێڵێت."
 
حوسێن چەلیک جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جیاوازی لەنێوان کورد و پەکەکە بکرێت و گوتی: "چۆن بە یەک چاو سەیرکردنی هەموو کوردانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە راست نییە، بە هەمانشێوە، بە یەک چاو سەیرکردنی هەموو کوردی سووریا لەگەڵ پەکەکە و درێژکراوەکانی راست نییە."
 
وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە پشتیوانیکردنی ستەملێکراوانی جیهان کرد و پرسیاری کرد: "حکومەتێک خەمی موسڵمانانی ئەرەکان، میانمار، سۆماڵ، فەلەستین و جیهانی تورکی هەبێت، بە کامە ویژدان و کامە ئەقڵ، نەک پشتگیری لە کوردی سووریا ناکات، بەڵکو وەک دوژمن رایدەگەیێنێت؟"
 
سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا لەسەر پشتگیریکردنی سوپای سووریا لە حەلەب، چەلیک دەڵێت: "چۆن دەکرێ وەزارەتی بەرگری بە راشکاوی بڵێت ئەگەر حکومەتی سووریا بیەوێت، دەتوانن لە پێکدادانەکانی حەلەب پشتگیرییان بکەن؟"
 
حوسێن چەلیک نموونەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێنایەوە کە چۆن لە دژایەتیکردنەوە گۆڕا بۆ دۆستایەتی و نووسیویەتی: "ساڵانێکی زۆر دژایەتیی کوردانی باکووری عێراقیش کرا، بەڵام لە کۆتاییدا، ئێستا لە پەیوەندیی دراوسێیەتی و دۆستایەتیی زۆرباشدان."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دامەزرێنەرەکەی ئاکپارتی دەڵێت: "پەندێکی ژاپۆنی دەڵێت، 'ئەو دەرگایەی لەدوای خۆت دایدەخەیت، تووند دایمەخە، رەنگە ئەگەری گەڕانەوەت هەبێت.' بەم سیاسەتانەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە کوردی سووریا، پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' لە راوکردنی خەون بە کەشتیی خەیاڵ تێناپەڕێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: پێویستە تورکیا لە سووریا ببێتە نێوەندگیر و لەگەڵ هەسەدە دەست بە گفتوگۆ بکات

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر تورکیا بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات و پێگەیەک وەربگرێت کە تێیدا سووریا لە ئارامی و ئاسایشدا بژی، دەبێت نێوەندگیری بکات. هەروەها دان بە هەسەدەدا بنێت، کە لایەنێکە لە رێککەوتنی 10ی ئادار و دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆ بکات."