رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، دیموکراسی روو لە تورکیا دەکات. هەروەها جەخت دەکاتەوە، ''دەتوانین سەدەی 21 بکەین بە سەدەی ئاشتی."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی)، رۆژی یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، لە گوتارێکیدا لە پارێزگەی مێرسینی تورکیا، لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد رایگەیاند، ''وشەی ئاشتی، ئەوە نەبێت ئەمڕۆ هاتبێتە سەر زمانمان و گۆمان کردبێت. گەلی کورد، 40 ساڵە لەو پێناوەدا خەبات دەکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، ''لێمان دەپرسن بۆچی داوای ئاشتی دەکەن؟ ئایا چارەسەرکردنی پرسی کورد، هەموو کێشەکان لە تورکیا چارەسەر دەکات؟ بەڵێ، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بێت، رێگەی دیموکراسی لەم وڵاتە واڵا دەبێت و تورکیا دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی."
شاندی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەیامێکی لەسەر زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرسی کورد بڵاوکردەوە، ''بۆ هەوڵدان لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی پرسی کورد، پاڵپشتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن."
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەو گوتانەی ئۆجەلان کرد، ''ئەو دەستەی ئاشتی کە لەپێناو بەیەکەوەبوون و پشتیوانیکردنی یەکتری درێژمانکردووە، نەک بەتەنیا لە روانگەی دەسەڵات، لە روانگەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە گرنگە''.
هاتیمئۆغوڵڵاری کۆبوونەوە و دیدارەکانی شاندی پارتەکەی لەبارەی پرسی کورد بە ''مێژوویی'' ناوبرد و جەختیکردەوە، ''بەدڵنیاییەوە دەتوانین سەدەی 21 بکەین بە سەدەی ئاشتی''.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، سەبارەت بەو بانگەوازەی ئۆجەلان، کە بڕیارە لەم مانگەدا بیکات، گوتی، ''بە ئەگەرێکی زۆرەوە، پەیامێک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا دەڵێت، با فیکر و سیاسەت قسە بکەن و شەڕ و پێکدادانەکان کۆتاییان پێبێت''.
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ