عومەر ئۆجەلان: ئەگەر ئەردۆغان پرسی کورد چارەسەربکات، دەبێتە دووەمین دامەزرێنەری تورکیا

09-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی مامی دەڵێت، نەک بەتەنیا تورکیا، بەڵکو کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەبێت. لەبارەی رۆڵی ئەردۆغانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکات، وەک دووەمین دامەزرێنەری کۆماری تورکیا سەیر دەکرێت''.
 
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی پرسی کوردەوە قسەیکرد. لەبارەی ئەو پەیامەی ئۆجەلان کە بڕیارە لەم مانگەدا (شوبات) بڵاویبکاتەوە گوتی، ''لەو باوەڕەدام نەک بەتەنیا تورکیا، بەڵکو کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دروستدەکات."
 
سەبارەت بەوەی، ئایا پەیامەکەی ئۆجەلان، ڤیدیۆیی دەبێت یاخود نووسراو، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ''جیاوازی لە نێوان پەیامی ڤیدیۆیی و نووسراودا هەیە. لە سەردەمی ئامێرە تەکنەلۆجییەکانی پەیوەندیدا دەژین. پەرۆشی و چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ ڤیدیۆی ئۆجەلان هەیە."
 
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی تورکیا سەبارەت تۆمارکردنی پەیامەکە بەشێوەی ڤیدیۆیی، ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ''بەلایەنی کەمەوە بۆ دەوڵەت دەبێتە دەرخەری راستگۆیی و تورکیا پێشدەخات. پێگەیەک بە تورکیا دەبەخشێت، کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆی هەیە''.
 
ئۆجەلان لەبارەی رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چارەسەرکردنی پرسی کورد جەختیکردەوە، ''ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکات، وەک دووەمین دامەزرێنەری کۆمار (تورکیا) سەیر دەکرێت. رۆڵی لە چارەسەرکردنی گەورەترین کێشەی کۆماردا دەبێت''.
 
عومەر ئۆجەلان دوایین جار، رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە ئیمراڵی کردبوو. رۆژێک دواتر، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی لە هەژماری فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ''ئێمە وەک خێزان، دوای ساڵانێکی زۆر یەکتریمان بینی. وەک مافێکی یاسایی، دەمانەوێت سەردانی خێزانی بەردەوام بێت''.
 
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دادگەی چاغلایانی ئیستەنبووڵ، ئەو شوێنەی لێپرسینەوە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرا. وێنە: AFP

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەوانەی دادگە کرا و داوای زیندانیکردنی دەکرێت

لە دادگەی چاغلایانی ئیستەنبووڵ لێپرسینەوە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ کۆتایی هات، کە لە 19ـی ئادارەوە دەستبەسەرکراوە.