ئاکپارتی: ئەوانەی دەیانەوێت بۆ پاراستنی کورد بانگهێشتی ئیسرائیل بکەن بۆ سووریا دوژمنی کوردن

09-03-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، دەبێ ئەوانەی لە سووریا سڤیل دەکوژن، سزا بدرێن.
 
دوای کۆبوونەوەی ناوەندیی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی کە ئێوارەی یەکشەممە 9-3-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد.
 
چەلیک باسی سیاسەتی ئەنقەرەی بەرامبەر سووریا کرد و گوتی: "وەکو پرەنسیپێکی بەرز ئێمە درێژە بە دروشمی (سووریا بۆ سووریاییەکانە) دەدەین. هەر عەلەوییەک گیان لەدەست بدات، ئێمە بە گیانی خۆمانی دەزانین. هەر سوننییەک بکوژرێت، ئەوە گیانی ئێمەیە. شیعی، دروزی و نوسەیری، هەر بەو چاوە سەیری هەمووان دەکەین. سیاسەتی ئێمە بۆ ناوچەکە، پاراستنی یەکێتیی ناوچەکە و برایەتییە".
 
سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی لە چەند رۆژی رابردوو لە سووریا و بەتایبەتیش لە ناوچە کەناراوییەکانی وڵاتەکە کرا، عومەر چەلیک گوتی: "کاتێک باسی تیرۆریست دەکرێت، نابێت نەژاد و نەتەوە بکرێتە بنەما. نیگەرانین بۆ ئەو سڤیلانەی گیانیان لەدەستداوە، تەنانەت ئەگەر یەک سڤیلیش بە ناحەق بکوژرێت ئێمە بە دروستی نازانین. هیوادارین بکەرانی ئەو کارانە سزا بدرێن. ئەو هەڵوێست و هەوڵانەی دوو رۆژە حکومەتی سووریا بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل نیشانی دەدات، زۆر بە گرنگی دەزانین".
 
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەوەی لە باشووری سووریاوە پێشڕەویی کردووە و بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە. چەلیک پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل بە گێرەشێوێنی وەسفکرد و گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت بانگهێشتی ئیسرائیل بکەن بۆ پاراستنی کورد، دوژمنی کوردن".
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی پێنجشەممە، هەردوو پارێزگای لازقییە و تەرتووس کە دانیشتووانەکەی زۆرینە عەلەویین، رووبەڕووی پێکدادانێکی قورس و خوێناوی بوونەوە. شەڕ لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و چەند گرووپێک روویدا، کە دەگوترێت لایەنگری دەسەڵاتی ئەسەدن. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، لەو ئاڵۆزییانە 745 سڤیل کوژراون، بەڵام مەیس ماهر ئامارێکی دیکەی بە رووداو دا: "نزیکەی هەزار و 20 کەسی سڤیل تاوەکو ئێستا بە بەڵگەکراون کە کوژراون. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیاندا، پێوەری مرۆییان رەچاو نەکرد، بۆ دەربازکردنی خەڵکی سڤیل، خەڵکێکی زۆر کوژراوە، خێزان هەیە کۆمەڵکوژ کراوە، زۆربەی کوژراوان خەڵکی گوندەکانی دەورووبەری لازقییەن".
 
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەی ئەم جارە ئەوە بووە کە ژمارەیەک چەکداری عەلەوی، بۆسەیەکیان بۆ هێزە ئەمنییەکانی سووریا داناوەتەوە و  ژمارەیەکیان لێ کوشتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان