رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتەکەیدا کە رۆژی شەممە 7-3-2026 لە پارێزگای کاڕامانی تورکیا بەڕێوەچوو، گوتاری پێشکێش کرد و رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گرت، گوتی، "ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵدەدەن سیستمێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دابمەزرێنن. لەم پرۆسەیەدا دوای سووریا، ئێستا ئێران کراوەتە ئامانج. ئەردۆغان لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا بێدەنگە و لە پرسی غەززەشدا دەسەڵات هەڵوێستێکی روونی نییە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە هەروەها رایگەیاند، شەرمەزارن بەرامبەر ئەو مووشەکانەی بە ئێرانەوە دەنرێن و گوتی، "لە کاتێکدا پێدرۆ سانچێز، سەرۆکی ئیسپانیا هەڵوێستێکی شکۆمەندانەی نیشانداوە، هەڵوێستی تورکیا جێگەی داخە. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت سیستمێکی نوێی جیهانی دابمەزرێنن. دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر هەر وڵاتێک کە بییانەوێت و دەسەڵاتەکەی بگۆڕن. لە سووریا کردیان و ئێستا لە ئێران هەوڵی بۆ دەدەن. لە شەڕی عێراقدا، ئەردۆغان بەڵێنی بە ئەمریکا دا کە شەش بنکەی سەربازی لە ئەنادۆڵ بکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق، بەڵام بایکاڵی خوالێخۆشبوو دژی وەستایەوە. ئێستا بۆ ئێران، ترەمپ و نەتەنیاهۆ دەستیان لەناو دەستی یەکە و ئەردۆغانیش دووبارە بێدەنگە و بەڵێن بە ئەمریکا دەدات."
ئۆزەل رەخنەی تووندی لە ئەردۆغان گرت و گوتی: "سامانی ژێر زەوی و کانزا گرانبەهاکانی پێدان، 250 فڕۆکەی ئەیرباسی بەڵێن داوە، تەنیا بۆ ئەوەی ترەمپ رەوایەتیی پێبدات. ترەمپ مێزێکی داناوە کە فەڵەستینی تێدا نییە بەڵام ئیسرائیلی تێدایە، ئەردۆغانیش لەسەر ئەو مێزە دانیشتووە. لێرەوە پێی دەڵێم؛ هەستە لەسەر ئەو مێزەی غەززە داگیر دەکات و ئیسرائیلی بکوژی 71 هەزار کەسی لەسەر دانیشتووە."
ئۆزەل هەروەها گوتی، "لێرەوە بە ئەردۆغان دەڵێم، لەکاتێکدا سەرکردەی ئیسپانیا، برام پێدرۆ سانچێز هەڵوێستێکی مەردانەی نیشانداوە، ئەو دۆخەی تورکیای تێدایە، جێی داخە. هۆکار ئەوەیە کە دەڵێ، بۆ ئەوەی لە رۆژی خۆیدا ترەمپ لە تورکیا من هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی ترەمپ لە بری جەهەپە من پێشنیاز بکات، بەرامبەر ئەو ستەمە بێدەنگە و ئەوەی لەسەریەتی نایکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ