رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تەنیا رێگەچارە دیموکراسییە و پێویستە دەستبەجێ شەڕ لە ئێران رابگیرێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە شارۆچکەی سەمەنداغی سەربە پارێزگای هاتای تورکیا ئاماژەی بە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گرنگیی ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، "ئەمڕۆ کە ئێمە باسی سووریا دەکەین، مووشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێران و تەواوی گەلانی ناوچەکەدا دەبارێن. هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکەین. هەرگیز رێگەمان نەداوە و رێگە نادەین بەم سیاسەتانەی دژی مرۆڤایەتی، دژی شارستانییەت، دژی مێژوو و دژی گەلان کە ئیمپریالیزم سەتان ساڵە هەوڵ دەدات لە ناوچەکەدا پەیڕەوی بکات."
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ئەم شەڕە دەستبەجێ کۆتایی بێت و گوتی، "ئەگەر دیموکراسی بۆ ئێران بێت، ئەوا بە خەباتی هاوبەش و هاوپشتیی هاوبەشی کورد، فارس، بەلووچ و هەموو گەلان و باوەڕە جیاوازەکانی ئەوێ دێت. گەلانی ئەوێ سەپاندنە داگیرکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل قبووڵ ناکەن، ئێمەش قبووڵیان ناکەین. پێویستە دەستبەجێ شەڕ لە ئێران رابگیرێ. لێرەوە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تەنیا رێگەچارە دیموکراسییە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوە کرد کە سووریا تەنیا بە شێوازێکی بەڕێوەبردنی دیموکراسییانە کە هەموو گەل و باوەڕە جیاوازەکان پێکیدەهێنن، بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەگات و گوتی، "هەمان رێچکە بۆ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دروستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ