ئەردۆغان: سبەی پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەم

09-04-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە، 9-4-2025، لە پەرلەمان گوتاری پێشکێشکرد و رایگەیاند، هاوپەیمانیی جمهوور پێداگرە لەسەر گەیشتن بەو ئامانجەی کە ئەوان بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن. گوتیشی، هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێکی دەهێنن، بە وردی و ئارامییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و هیواشی خواست پرۆسەکە بە جۆرێک بە ئەنجام بگەیێنن کە ببێتە خێر بۆ تورکیا.
 
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی بوون، ئەردۆغان گوتی: "سبەی پێشوازی لە شاندی دەم دەکەم؛ دیداریان لەگەڵدا دەکەم و پشتڕاستی ویستمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەکەینەوە".
 
پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی
 
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. 
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ـی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لەدوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتیی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
 
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە نیشاندا؛ جەختی کردەوە بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
 
دەقی قسەکانی ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی دەم پارتی:
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان: "هاوشێوەی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، پرسی زۆر گرنگمان لەبارەی داهاتووی وڵات هەیە. وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، ئەم پرۆسەیەی کە بە وردی و ئارامییەوە بەڕێوەی دەبەین، پەنا بەخوا بە خێری وڵاتەکەمان بە ئەنجامی دەگەیێنین. سبەی پێشوازی لە شاندی دەم دەکەم؛ دیداریان لەگەڵدا دەکەم و پشتڕاستی ویستمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەکەینەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە