رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی دەڵێت، سبەی کاژێر 13:30 دیدار و کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا کە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت. لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە 10ـی نیسان پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکات.
ئەمڕۆ نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی کاتی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "کاژێر 13:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە 10ـی نیسان شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کە لە بەڕێزان سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکدێن، لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کۆدەبنەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، هاوپەیمانی جمهوور پێداگرە لەسەر گەیشتن بەو ئامانجەی کە ئەوان بە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوی دەبەن. بە وردی و ئارامییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و هیواشی خواست پرۆسەکە بە جۆرێک بە ئەنجام بگەیێنن کە ببێتە خێر بۆ تورکیا.
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی بوون، ئەردۆغان گوتی: "سبەی پێشوازی لە شاندی دەم دەکەم؛ کۆبوونەوەیان لەگەڵدا دەکەم و ویستمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر پشتڕاست دەکەینەوە".
پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی
رۆژی 01-10-2024، دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا؛ هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ