ئەردۆغان: پەراوێزخستنی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا کاریگەریی نەرێنیی دەبێت

09-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە 1999ـەوە پاڵێوراوە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا: "سیاسەتی پەراوێزخستنی تورکیا کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکێتییەکە دەبێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایاری 2024، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، پەیامی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەبۆنەی رۆژی ئەورووپاوە بڵاوکردەوە. 
 
تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی 9ـی ئایار کە تێیدا جاڕنامەی (شومان) بڵاوکرایەوە و بناخەکانی یەکگرتنی ئەورووپا جێگیرکرا، تورکیا لە ساڵی 1999ـەوە تاوەکو ئێستا ناوی وەک بەربژێر بۆ یەکێتیی ئەورووپا تۆمارکردووە. بەمشێوەیە تورکیا یادی "رۆژی ئەورووپا" دەکاتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئەردۆغان هاتووە: "گرنگە یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەمان لەسەر بنەمای بەڵێن و دڵسۆزی بەشێوەیەکی دادپەروەر و ئەنجامدار بەڕێوەببات و خۆی لەو سیاسەت و گوتارانە بەدوور بگرێت کە پەیوەندییەکانمان بە بنبەست دەگەیێنن".
 
وەکو ئەردۆغان دەڵێت، لە بەرامبەر سیاسەتی پەراوێزخستنی وڵاتەکەیان "کە کاریگەری نەرێنییشی دەبێت لەسەر یەکێتیی ئەورووپا وەک هێزی جیهانیی، توركيا خۆی لە بەکارهێنانی ئەو دەرفەت و توانا ستراتیژییانە بەدوور ناگرێت کە خاوەنیەتی."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی قەیرانی غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "ئەو سیاسەتانەی لە هەندێک دامەزراوە و وڵاتانی ئەورووپا لەبارەی قەیرانی غەززە پەیڕەو دەکرێن، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی باوەڕ بە بەهاکانی ئەورووپا."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداوێکی هاتووچۆ لە تورکیا. وێنە: ئەرشیڤ/AA

ساڵی رابردوو زیاتر لە 6000 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ساڵی رابردوو زیاتر لە یەک ملیۆن رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە. بەهۆیانەوە زیاتر لە 6000 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەڵەی شۆفێر لە رووداوە کوشندەکاندا 89% بووە