رووداو-هەولێر
لە چوار رۆژی رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزاری دیکەیش بریندار بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی لە رۆژانی عەرەفە و سێ رۆژی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەو چوار رۆژەدا دوو هەزار و 960 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 817ی دیکەیش بریندار بوون.
ئەم ساڵ پشووی جەژنی قوربان لە تورکیا لە لە رۆژی 5 تاوەکو 9ی مانگە، سبەی سێشەممە 10ـی حوزەیران دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئێوارەی رۆژی 4ـی حوزەیرانەوە، 69 هەزار و 114 هەزار پۆلیس و جەندرمە لە تەواوی رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا ئەرکدار کرد و بەسەر 17 هەزار و 645 تیم لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دابەشیکردن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا، دوو هەزار و 650 رووداوی هاتووچۆ روویاندا، بەهۆیانەوە 72 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 هەزار و 313 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ