رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) تورکیا، پرۆسەی چارەسەریی ئەم جارە بە ''دوا هەل'' بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبینێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی چوارشەممە، 9ی تەممووزی 2025 لە شارۆچکەی سیلیڤیریی ئیستەنبووڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رێوڕەسمی چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە، کە بڕیارە رۆژی هەینی، 11ـی مانگ بەڕێوەبچێت، بە ''ئەرێنی'' دەبینێت و گوتیشی، رۆڵی لە هەنگاوەکانی دیکەی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەبێت.
ئۆزەل پرۆسەکە بە ''دوا هەل'' بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە دەبینێت و دەڵێت: ''تورکیایەکی دیموکراسی و بێ تیرۆر، ئامانجی هاوبەشی هەموومانە''.
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەختی لەوە کردەوە، هەر ئەرک و بەرپرسیارێتیێکیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەوێتە ئەستۆ، بەجێیدەگەیێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە رۆژی 11ی تەمموز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەگەرچی بڕیار بوو رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەبچێت، بەڵام شەوی دووشەممە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی "ئەمنی"ـەوە رۆژنامەڤانان ناتوانن راستەوخۆ لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە بن و پەخشی راستەوخۆش ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەڤانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە 19ی حوزەیرانی ئەم ساڵ تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "دروستكردنی میكانیزمی چهكدانان پرۆسهكه بهرهو پێشهوه دهبات. ئهوەی دەکرێت ههنگاوێكی دڵخوازانهیه له قۆناخی تێكۆشانی چهكدارییهوه بهرهو قۆناخی ماف و سیاسهتی دیموكراسییانه. ئهمه به شكست نا، بهڵكو دهبێت به سهركهوتنێكی مێژوویی ببیندرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ