رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی میت و بەرپرسانی باڵای عێراق لە بەغدا وێڕای پرۆسەی چارەسەری، چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە ناوچەکەشیان تاوتوێ کردووە.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) دوێنێ سێشەممە، 8ـی تەمووزی 2025، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025 زانیاری لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو دیدارانە بڵاوکردەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، سەرۆکی میت بە جیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەتەوە و هاوکات فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقیش ئامادەی دیدارەکان بووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتە، ئیبراهیم کاڵن دواتر لەگەڵ هەریەکە لە سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە.
لە دیدارەکاندا وێڕای تاوتوێکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و پرسی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، هەردوو لا بە گرنگیان زانیوە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.
وەک ئاژانسی فەرمیی وڵاتە دەڵێت، لە دیدارەکاندا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کراوە و جەخت لە گرنگیی کۆتاییهێنان بە شەڕی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کراوەتەوە.
هەروەها ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش یەکێک بوو لەو مژارانەی لە نێوان سەرۆکی میت و بەرپرسانی باڵای عێراق گفتوگۆی لەسەر کراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، سەرۆکی میت لەگەڵ محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و بەرپرسانی ئەو بەرەیە کۆبووەتەوە و ئاسایشی تورکمانەکانی ئەوێ تاوتوێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ