رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی "گرەوکردنی نایاسایی" لە خولەکانی تورکیا، دادگە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ 20 کەس دەرکرد، کە یاریزانی یانەکانی گالاتاسەرای و فەنەرباخچە و سەرۆکی پێشووی یانەیەکی ناسراوی تێدایە.
درەنگی شەوی دووشەممە 8ی کانوونی یەکەم، لە کۆی 39 کەس کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکانی تۆپی پێ رەوانەی دادگە کرابوون، 20 کەسیان بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو، 19ـەکەی دیکەش بە "مەرجی چاودێریی دادوەری" ئازادکران.
کام یاریزان و بەرپرسانە زیندانی کران؟
لە نێو ئەو کەسانەی بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە، ناوی هەریەکە لە مەتەهان باڵتاجی، یاریزانی یانەی گالاتاسەرای؛ مەرت هاکان یانداش، یاریزانی یانەی فەنەرباخچە و موراد سانجاک، سەرۆکی پێشووی یانەی ئادانا دەمیرسپۆر هەن.
هەروەها ئەلاسان نداو، یاریزانی یانەی کۆنیاسپۆر؛ ئەحمەد ئۆکاتان، خاوەنی یانەی ئەنقەرەسپۆر و محەممەد ئەمین کاتیپئۆغڵو، سەرۆکی یانەکەش دەستگیرکراون.
گرەویان لەسەر دۆڕانی یانەکەی خۆیان کردووە
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، کە رۆژی هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردبوو، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردووە: "لە کۆی 27 یاریزانی دەستبەسەرکراو، دەرکەوتووە بەشێکیان گرەویان لەسەر یارییەکانی یانەکانی خۆیان کردووە."
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو یاریزانانەی کە لیژنەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) بەهۆی گرەوکردنەوە سزای داون، هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
لە نێو ئەوانەی بڕیاری چاودێریی دادوەرییان بۆ دەرچووە، زۆربای کوچوک، ناوبژیوانی بەناوبانگی خولی نایابی تورکیا دەبینرێت.
کوچوک دوای ئەوەی ناوی لە لیستی 152 ناوبژیواندا هات کە گوایە گرەویان کردووە، سەردانی دادگەی کردبوو و سکاڵای تۆمارکردبوو، رایگەیاندبوو: "زانیارییەکانی ناسنامەکەم دزراون و بەناوی منەوە گرەو کراوە".
هەر لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا، ئەحمەد چاکار، ناوبژیوانی پێشوو و شرۆڤەکاری وەرزشی دەستبەسەرکرابوو، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی و نەشتەرگەریی قەستەرەی دڵ، داواکاری گشتی بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەی هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ زۆربای کوچوک، ئەحمەد چاکار و موراد سانجاک بەهۆی بوونی "مامەڵەی دارایی گوماناوی لە هەژمارە بانکییەکانیان" بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ