رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنێت، تورکیا سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کورد بونیات ناوە و ئەوەش "هەڵەیەکی مێژووییە". دەشڵێت، "ئەو عەقڵییەتەی دەیەوێت بە تانک و تۆپ حەلەب کۆنترۆڵ بکات، با سەیری چارەنووسی سەدام و ئەسەد بکات."
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە شاری ئادانای تورکیا لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی پارتەکەی، بە تووندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گرت.
"سەد ساڵە ئەم سیاسەتە تاقی دەکەنەوە"
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سیاسەتەی ئێستا ئەنقەرە پەیڕەوی دەکات نوێ نییە و گوتی، "تورکیا سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی کورد بونیات ناوە. سەت ساڵە ئەم سیاسەتە تاقی دەکرێتەوە و بینیمان کە کەس تێیدا براوە نەبووە، لەمەودواش براوە نابێت."
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "ئەوەی لە حەلەب روودەدات مایەی پەند لێوەرگرتنە؛ ئەو گەڕەکانە بە تانک و تۆپ کرانە ئامانج و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. حەلەب نموونەی پێکەوەژیانی کورد، عەرەب، عەلەوی و درووزەکان بوو، بەڵام ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی ئەو پێکەوەژیانەیە."
تونجەر باکرهان وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیای دایەوە کە باسی لە هاوکاریکردنی سوپای عەرەبیی سووریا کردبوو لە هێرشکردنە سەر دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب.
باکرهان گوتی، "وەزیری بەرگری دەڵێت ئامادەین بچینە ناو حەلەب؛ باشە ئەی بۆچی کاتێک ئیسرائیل ئاڵای لە قونەیترە چەقاند و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد، وەزیرانی بەرگری و دەرەوەمان هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو؟ ئایا تەنیا کاتێک پرسەکە پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت دەکەونە ئامادەباشی؟"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باکرهان باسی لە رێککەوتنی 10ی ئازار کرد و رایگەیاند، هەرچەندە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی رێککەوتنەکە بوون و هێزە چەکدارەکانیان کشاندەوە، بەڵام هێرش بۆ سەر مەدەنییەکان نەوەستا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "ئەگەر تاکڕەوی چارەسەر بووایە، ئەسەد و سەدام و ئێران چارەسەریان دەکرد، بەڵام نەتوانرا ئیرادەی گەلان سەرکوت بکرێت. کورد سەر دانانەوێنێت، وەک چۆن لە کۆبانێ داعشیان تێکشکاند، لە حەلەبیش بەرگری دەکەن."
لە کۆتاییدا باکرهان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەستبەجێ تۆپبارانەکان رابگرێت و گوتی، "ئەرکی تورکیا راکردن بەرەو گۆڕەپانەکانی شەڕ نییە، بەڵکو دروستکردنی کایەی نوێی ئاشتییە. ئەو زمانەی بەرپرسانی حکومەت بەکاری دەهێنن بونیاتنەر نییە و زیان بە پرۆسەی ئاشتیی ناوخۆ دەگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ