ھاکان فیدان: راگواستنی فەلەستینییەکانی غەززە قابیلی قبووڵ نییە

10-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، راگواستنی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان، قابیلی قبووڵ نییە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی شوباتی 2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگواستنی فەلەستینییەکانی غەززە بڵاوکردەوە.
 
ھاکان فیدان رایگەیاند، تورکیا ئەو جۆرە پێشنیازانە بە جیدی وەرناگرێت، راگواستنی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان، قابیلی قبووڵ نییە، چونکە ئەو ھەنگاوانە مانای نەزانین و تێنەگەیشتن لە مێژوو دەگەیێنێت.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، "لە ساڵی 1948دا، فەلەستینییەکان ئاوارە کران، دواتر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەتی خستەڕوو، کە پێشنیازەکە رێگە بە فەلەستینییەکان دەدات دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن. هەروەها بتوانن شان بە شانی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی ساڵی 1967 بژین و قودسی رۆژھەڵات پایتەختەکەی بێت."
 
فیدان راشیگەیاندووە، "جیهانی ئیسلامی، تورکیا، جیهانی عەرەبی و زۆرینەی رەھا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیمان لەو پێشنیازە کردووە، ئەوەش لە کاتی ئەو دەنگدانەی کە بەم دواییانە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کرا."
 
رۆژی 5ی شوباتی 2025 دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەمریکا کەرتی غەززە دەگرێتە دەست، پاکی دەکاتەوە لە بۆمب و بنیادی دەنێتەوە. هەروەها ئابوورییەکەی دەخاتەوە سەرپێ.
 
ترەمپ بە رژدییەکی وەها قسەی لەسەر ئەو پێشنیازە کرد کە "ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ رابردوو و مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە." ئەو وەکو چانسێکیش پێشنیازەکەی خستەڕوو، کە ئێستا غەززە بووەتە سیمبوولی مەرگ و وێرانی.
 
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەشی کرد، 1.8 ملیۆن فەلەستینی کە لە غەززەن، دەیانەوێت بچن لە شوێنێکی باشتر بژین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە