وەزیری ناوخۆی تورکیا: خەریکە تیرۆر کۆتایی دێت

10-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ''تیرۆر کە 40 ساڵە برایەتیمانی کردووەتە ئامانج، لە سەروبەندی کۆتاییهاتنە''.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی دووشەممە، 10ی شوباتی 2025، لە گوتارێکیدا لە شرنەخی باکووری کوردستان، رایگەیاند، وڵاتەکەی 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و جەختیکردەوە: ''تیرۆر لە وڵاتەکەماندا لە سەروبەندی کۆتاییهاتنە''. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: ''بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان، سەرەکیترین ئامانجمان لە بنیادنانی سەت ساڵەی کۆمارەکەمان دا، بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە''.
 
یەرلیاکا باسی لەوەشکرد: ''تیرۆر بۆ ماوەی چەندین ساڵ برایەتی و ئاسایشی ئێمەی کردە ئامانج، بەڵام ئێمە لە یەکبوون و یەکگرتوویی بەردەوام بووین، لە کۆتاییشدا برایەتیمان سەرکەوتنی بەدەسهێنا''.
 
هەر لەبارەی پەکەکەوە وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: ''بە هەموو تواناکانمانەوە، بە پێداگرییەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی رێکخراوی ناپاک و جوداخواز لە خاکەکەماندا وەدەرنێین و بیسڕینەوە. هەرگیز سازش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناکەین''.
 
یەرلیکایا دەڵێت، لە روانگەی دەوڵەتداریی ئەواندا جیاکاری و پەراوێزخستن نییە. گوتیشی: "تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننی، بەشێکی جیانەکراوەی ئەم خاکە بەهەشتییەن''.
 
پەکەکە و سوپای تورکیا زیاتر لە 40 ساڵە لە شەڕدان، بەڵام ئێستا هەوڵێک بۆ نەهێشتنی شەڕ و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە لە رێگەی ئاشتییەوە هەیە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە