وەزیری گەنجینەی تورکیا: دەمانەوێت دوو بۆ سێ وێستگەی دیکەی ئەتۆمی دروستبکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایدەگەیێنێت، وزەی ئەتۆمی بۆ وڵاتەکەیان ستراتیژییە و پلانیان هەیە لە داهاتوودا دوو بۆ سێ وێستگەی دیکەی ئەتۆمی بخەنەکار، ئەوەش بەهۆی پێویستیی سێکتەری ژیریی دەستکرد بە وزە.
 
رۆژی دووشەممە، 9ی شوباتی 2026، محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە شاری ئەلعولای سعودیە، هەڵسەنگاندنی بۆ دیدگای گۆڕانکاریی ئابووریی تورکیا کرد.
 
محەممەد شیمشەک لە پانێڵێکدا لەژێر ناونیشانی "خۆڕاگری و رێڕەوی گۆڕانکاریی ئابووری بۆ بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان" رایگەیاند، تورکیا کەرتی ژیریی دەستکرد (AI) بە یەکێک لە کەرتە لەپێشینەکان دەبینێت و لەو بوارەدا گرنگی بە وەبەرهێنان لە ژێرخان، سەرمایەی مرۆیی و پەرەپێدانی کارامەیی دەدەن.
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، وزە بابەتێکی گرنگە و گوتی: "ژیریی دەستکرد پێویستی بە وزەیە، هەر بۆیە وەبەرهێنان لە وزەی ئەتۆمیدا دەکەین. ئامانجمانە لە ماوەی چەند دەیەی داهاتوودا دوو بۆ سێ وێستگەی دیکەی نوێ بخەینەکار."
 
ئێستا لە تورکیا هیچ وێستگەیەکی کارای وزەی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئێستا کار لەسەر دروستکردنی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی ئاککویو لە پارێزگای مێرسین دەکرێت، وێستگەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشی تورکیا و رووسیایە و لەلایەن کۆمپانیای رۆزئەتۆمی رووسییەوە بە گوژمەی 20 ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
 
وێستگەی ئاککویو لە چوار یەکە پێکدێت و بڕیارە یەکەی یەکەمی ئەمساڵ (2026) بکەوێتەکار، بەوەش تورکیا دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی وزەی ئەتۆمی بەرهەمدەهێنن. هاوکات پلاندانان بۆ دروستکردنی دووەم و سێیەم وێستگە لە سینۆپ و تراکیا بەردەوامە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە