ئەردۆغان: دەستووری نوێ بواری سیاسەتی مەدەنی فراوان و کێشەکانی وڵات چارەسەر دەکات

10-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا پێداگرە لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی و دەڵێت، "دەستووری نوێ بواری سیاسەتی مەدەنی فراوان و کێشەکانی وڵات چارەسەر دەکات."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 10ی ئایاری 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە بەشداریی لە رێوڕەسمی 156ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دادوەریی کارگێڕی و شورای دەوڵەت کرد و تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەرهێنانی دۆزە دادوەری و کارگێڕییەکان لە پرسی یاسایی و بەسیاسیکردنیان، دەرەنجامەکەی هەرچییەک بێت، سێبەر دەخاتە سەر هەستی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا، ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو کارە بە دروست نازانن.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمووان هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵاتی دادوەری بن و گوتی، "لێرەوە دەمەوێت ئەم بانگەوازە دڵسۆزانە بۆ هەموو گەلەکەم بکەم. سیستمێکی دادوەریی بەهێز، بێلایەن، سەربەخۆ و خێرا لە کارکردندا، بەهادارترین میراتە کە بۆ رۆڵەکانمانی جێبهێڵین. لەگەڵ ئەوەشدا وەکو هەر 85 ملیۆن هاووڵاتیی ئەم وڵاتە، ئەرکی هەموومانە ئەگەر کەموکورتی هەیە لەم بابەتەدا، تەواو بکرێت؛ کێشە هەیە، چارە بکرێت و بەربەست هەبێت لاببرێت. هەر وەک چۆن دەستوەردانی دادگە لە یاسادانان و جێبەجێکردندا هەڵەیە، پەلکێشکردنیشی بۆ نێو مشتومڕە سیاسییەکان هێندە هەڵەیە."
 
ئەردۆغان باسی لە گرنگیی دەستووری نوێ کرد و رایگەیاند، "دەستووری نوێ، بواری سیاسەتی مەدەنی فراوان دەکات و، چارەکردنی کێشەکانی وڵاتەکەمان هەر لە ئابوورییەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی خێراتر دەکات."
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "بە شیاوی نازانین بۆ دیموکراسیی تورکیا، کە بە دەستوورێکی بەرهەمی کودەتا پێشوازی لە 100ـەمین ساڵیادی کۆمارەکەمان بکرێت."
 
باسی لەوەیش کرد، بە نەرمی نواندن لە سیاسەتدا، دەرفەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە بۆ چڕبوونەوەی گفتوگۆ راوێژکارییەکانی نێوان پارتە سیاسییە جیاوازەکان، "ئێمە لە چوارچێوەی چاوەڕوانییەکانی گەلەکەماندا بەردەوام دەبین لە بینینی ئەو رۆڵە بونیاتنەرەی دەکەوێتە سەر شانمان. هەروەها بە کارێکی دروستی نازانین لایەنە سیاسییەکان بەهۆی کێشەى ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بیانەوێت دەستووری مەدەنی، کە بابەتێکی پێویستە، لە رۆژەڤ دوور بخەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندان

دەمیرتاش: دەوڵەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێت

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند، دەوڵەت و حکومەت و دادگەش باش دەزانن ئەو بکوژ نییە و تووندوتیژیشی نەکردووە، تەنیا بەهۆی دەربڕینی بیروبۆچوون و گوتارەکانی بە 42 ساڵ بەندکردن سزا دراوە. دەشڵێت، "دەوڵەت سیاسەتڤانی کورد، چەکدار، تەنانەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێت."