ئەردۆغان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پاپای نوێی ڤاتیکان دەکات

10-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی هەڵبژاردنیەوە، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پاپا لیۆی 14یەم دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوێک کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە پەیامێکی ئاڕاستەی پاپای ڤاتیکان کردووە و تێیدا هاتووە، "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بۆ پۆستی پاپا، بەناوی گەلەکەم و خۆمەوە لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم."
 
لە پەیامەکەیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، پاپا فرانسیسی کۆچکردوو کەسایەتییەکی بەهادار بوو، لە سەردەمێکدا کە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان چڕبوونەوە، لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێبووردەیی هەوڵێکی زۆری دا.
 
ئەردۆغان دەڵێت، "متمانەی تەواوم هەیە بەوەی ئەو دیالۆگە دڵسۆزانە و بونیاتنەرانەی لەگەڵ پاپا فرانسیس دروستمان کرد، لەگەڵ ئێوەش درێژەی پێدەدەین. بۆچوونی دڵسۆزانەم ئەوەیە پەیوەندییەکانی تورکیا و ڤاتیکان زیاتر بەرەوپێش بچن، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا لێبووردەیی بەهێز بێت و کۆتایی بە تراژیدیا مرۆییەکان بێت، بەتایبەتی غەززە."
 
رۆژی 8ـی ئایاری 2025، رۆبەرت پرێڤۆست وەک پاپای نوێی ڤاتیکان هەڵبژێردرا و ناسناوی لیۆی هەڵبژارد. پرێڤۆست 14ـەم پاپای ڤاتیکانە ناسناوی لیۆی هەڵبژاردبێت.
 
لە دەنگدانەکەدا 133 کاردیناڵ لە کەنیسەی سیستین دوای سێ جار دەنگدان، دواجار ناوی پاپای نوێیان ئاشکراکرد. پاپا لیۆ خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و لە شیکاگۆ لەدایکبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە