راوێژکارێکی ئەردۆغان: کۆنگرەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری 'بە ئارامی و هەستیاری بەڕێوەدەچێت'

10-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی دەڵێت، بە ئارامی و هەستیاری بەڕێوەدەچێت. ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەکە دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025 ئاکیف چاغاتای کڵچ، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش، میوانی بەرنامەیەکی راستەوخۆ بوو لە کەناڵێکی تورکیا و هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆنگرەی پەکەکە کرد کە رۆژانی 5-7ـی مانگ بەڕێوەچوو.
 
گەورە راوێژکارەکەی ئەردۆغان رایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە، هەموومان چاودێری دەکەین. هەندێک لێدوان، هەندێک کۆبوونەوە کە کراون، بابەتەکانیان کاردانەوەی ئەرێنییان لە رای گشتی هەبووە. بەڵام لێرەدا گرنگترین شت ئەوەیە سەرەتا دەستبەرداری چەک بن."
 
چاغاتای کڵچ باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی پرۆسەکە ئەوەیە کە "لە تورکیایەکدا بژین ئاسایش تێیدا بەرقەرار بێت و هەڕەشەی تیرۆری تێدا نەبێت. یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی سەرخستنی پرۆسەکە تورکیایەکی بێ تیرۆرە. پرۆسەیەکی بەردەوام، هەستیار و ئارام بەڕێوەدەبردرێت. لە عێراق و سووریاش هەنگاوەکان بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن."
 
گەورە راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، پەکەکە تەنیا لە عێراق، سووریا و ئێران درێژەپێدەری نییە، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپاش بەناوی جیاجیا رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دامەزراندووە و چالاکی دەکات، کە سەرچاوەی پارەدارکردنن بۆ پەکەکە و پێویستە هەموو ئەوانەش کۆتاییان پێ بێت.
 
ئاکیف چاغاتای کڵچ ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر و ئێستاش دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بە بەڵگەوە راپۆرتی پێشکێشی وڵاتانی ئەورووپا کردووە و سەلماندوویەتی پەکەکە بە ناوی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵە، یەکێتی، فیدراسیۆن و سەندیکا کاری نایاسایی دەکات.
 
رۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، لە رۆژانی 5-7ـی مانگ 12ـەمین کۆنگرەی بەستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە