تەقینەوە لە کارگەیەکی تەقەمەنی لە ئەنقەرە روویدا و 5 کەس گیانیان لەدەستدا

10-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەقینەوە لە کارگەیەکی تەقەمەنی و کەرەستەی مووشەک لە ئەنقەرە روویدا و وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە. 
 
تەقینەوەکە کاژێر 08:45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 10ی حوزەیرانی 2023 لە کارگەیەکی تەقەمەنی و بەرهەمهێنانی کەرەستەی مووشەک سەر بە دەستەی پیشەسازیی ئامێر و کیمیایی تورکیا MKE لە ناوچەی تاتلیجە سەر بە شارۆچکەی ئێلماداغی لە ئەنقەرە روویدا. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تەقینەوەکە لە بەشی بەرهەمهێنانی دینامیت روویداوە و لە ئەنجامدا پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە. 
 
ڤاسیب شاهین، پارێزگاری ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی تورکیا راگەیاند، "کاژێر 08:45 خولەک لە بەشی بەرهەمهێنانی دینامیت، بەهۆی کارلێکی کیماییەوە تەقینەوەکە روویداوە. بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە، بەشێکی کارگەکە رووخاوە و پێنج کرێکار لە ژێر داروپەردووەکاندا گیانیان لەدەستداوە. لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێت." 
 
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس و تیمی فریاگوزاریی چوونەتە شوێنی رووداوەکە.  
 
ئەم کارگەیە پێداویستییەکانی تەقەمەنی و کەرەستەی مووشەک و رۆکێت بۆ هەردوو وەزارەتیی ناوخۆ و بەرگریی تورکیا دابین دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە