ئەردۆغان: تورکیا بکەنە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، سوێد دەکەینە ئەندامی ناتۆ

10-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا مەرجی نوێی خستە بەردەم ناتۆ بۆ ئەندامبوونی سوێد و داوایکرد لە بەرامبەر ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ، تورکیا بکەنە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێش بەڕێکەوتنی بۆ ڤیلنیۆسی لیتوانیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ رێکخست و رایگەیاند، پرسی سەرەکیی لووتکەکە دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ دەبێت.   
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەندامبوونی سوێد رایگەیاند، نزیکەی 50 ساڵە تورکیا لە بەر دەرگەی یەکێتیی ئەوروپادا چاوەڕێی ئەندامبوونی دەکات؛ ئەوە لە کاتێکدایە زۆربەی زۆری ئەندامانی ناتۆ، هاوکات ئەندامن لە یەکێتیی ئەوروپا. 
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، "وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە خەمی سوێددان و هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سوێد ببێتە نوێترین ئەندامی ناتۆ، بەڵام کەسیان ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بە رەوا نابینن؛ بۆیە لەمەودوا ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەکەین و دەڵێین تورکیا بکەنە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و سوێد دەکەینە ئەندامی ناتۆ."
 
لە ئایاری ساڵی رابردوودا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە، بەڵام هەردوو وڵات لەلایەن تورکیاوە رێگرییان لێکرا.
 
حکومەتی تورکیا ئەمساڵ ئەندامێتیی فینلاندی لە ناتۆ پەسند کرد و رایگەیاند، بەڵێنەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام سوێد هێشتا هەنگاوی ماوە بیگرێتەبەر، ئەوە بە گوێرەی تورکیا. 
 
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە