تورکیا وردەکاریی مردنی 12 سەربازەکەی نێو ئەشکەوتەکەی بڵاوکردەوە

10-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا وردەکاریی مردنی 12 سەربازی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ-قوفڵ" لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد. رایگەیاند، سەربازەکان بەهۆی گازی میسان لە ئەشکەوتێکدا گیانیان لەدەستداوە کە پێشتر وەک نەخۆشخانە لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێنراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە لە رۆژانی 1 بۆ 5ی تەممووزدا، لە نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکەدا کاری گەڕان و پشکنین کراوە و دەرکەوتووە کە نهۆمێکی دیکەش هەیە. رۆژی 6ی تەممووز، لە کاتی گەڕان و پشکنین لە نهۆمی دووەمدا، حاڵەتی "سەرسووڕان و لەهۆشچوون" لەنێو سەربازەکاندا روویداوە.
 
ئۆکسجین بۆ ناو ئەشکەوتەکە راکێشراوە 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەوەی یەکەمجار بوو رووبەڕووی حاڵەتێکی لەم شێوەیە ببینەوە، داوای پشتیوانی لە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی پسپۆڕی سەر بە ئافاد (AFAD) و دامەزراوەی خەڵووزی بەردینی تورکیا کرا. 
 
لە پشکنینی تیمە پسپۆڕەکاندا، دەرکەوتووە کە لەنێو ئەشکەوتەکەدا گازەکانی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، میسان و هایدرۆجین سۆلفاید هەن و رێژەی ئۆکسجین بۆ 19% دابەزیوە. بۆیە بەهۆی پانکەوە ئۆکسجین بۆ ناو ئەشکەوتەکە رەوانە کراوە. دوای بەرزکردنەوەی ئاستی ئۆکسجین بۆ 60%، تیمە پسپۆڕەکانی دامەزراوەی خەڵووزی بەردینی تورکیا چوونە ژوورەوە و تەرمی 7 سەربازمان دۆزرایەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی نەقیبی پیادە، نووری مەلیک بۆزکورت، کە لە 28ی ئایاری 2022 کوژرابوو و تەرمەکەی نەدۆزرابووەوە، ئەم رووداوە لە 6ی تەممووزدا لە ئەشکەوتێکی گردی 852 روویداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 12 سەرباز بەهۆی گازی میسان و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن.
 
دەرگەی ئەشکەوتەکە داخرابوو
 
وەزارەتەکە دەڵێت، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو سەربازانەی نەدۆزراونەتەوە بەردەوام بووە. لەو چوارچێوەیەدا، تەرمی عەریفی پسپۆڕی پیادە مستەفا بازنا (کە لە 3ـی تشرینی دووەمی 2022 کوژرابوو) لە 29ی کانوونی دووەمی 2025 دۆزرایەوە. هەروەها تەرمی عەریفی پسپۆڕی پیادە نورەدین تۆکیورەک (کە لە 7ی تەممووزی 2022 کوژرابوو) لە 26ی ئاداری 2025 دۆزرایەوە. هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی نەقیب نووری مەلیک بۆزکورت لە یەکەم رۆژەوە بەردەوامە.
 
هەروەها هاتووە: "ئەشکەوتەکە کە رووداوەکەی تێدا روویدا، لە رۆژانی 23-24ی حوزەیرانی 2024 لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پاککرایەوە و سەرجەم دەرگە و کونیلەکانی داخران. دوای وەرگرتنی زانیاری، لە 1ـی تەممووزی 2025ـەوە کاری گەڕان بەدوای تەرمی سەربازەکانمان لەو ئەشکەوتەدا دەستیپێکردەوە."
 
جارێکی دیکە بە سەگ پشکنین کرا
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رۆژی 6ی تەممووز، پێش چوونەژوورەوە، جارێکی دیکە بە سەگی پشکنەر گەڕان ئەنجامدرا و هیچ حاڵەتێکی نەرێنی نەبینرا. پاشان، بە سێ گرووپ (6+4+2) بەشێوەی پچڕپچڕ، کۆی گشتی 12 کارمەندمان چوونە ناو ئەشکەوتەکە. لە کاتی گەڕان لە نهۆمی دووەمدا، کە رۆژێک پێشتر دۆزرابووەوە، لەلایەن پێشڕەوەکانمانەوە حاڵەتی سەرسووڕان و لەهۆشچوون روویدا. بۆیە تیمی پەیوەندی و ئاسایش (2 کەس) کە لە دواوە بوون، هاتنە دەرەوە و داوای یارمەتییان کرد."
 
هەروەها دەڵێت: "5 کارمەند کە لە دەرەوە بوون، لەسەر بانگەوازی یارمەتی، دەستبەجێ چوونە ناو ئەشکەوتەکە بۆ رزگارکردنی هاوڕێکانیان، بەڵام بەشێک لەوانەش تووشی سەرسووڕان و لەهۆشچوون بوون. دواتر 12 کارمەندی دیکەمان بە گرووپی دوو کەسی چوونە ژوورەوە و هەوڵیاندا ئەو کارمەندانەی بەهۆی گازەوە زیانیان بەرکەوتووە، بهێننە دەرەوە. جگە لە 7 هاوڕێمان کە لە پێشەوە بوون، سەرجەم کارمەندانی دیکە بە فیداکاریی تیمەکانی گەڕان هێنرانە دەرەوە و دەستبەجێ بە رێگەی ئاسمانی بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، 5 سەربازمان شەهید بوون."
 
بانگەشەی نەبوونی ماسکی گاز راست نییە
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن هەموو کارمەندەکانمان لە یەک کاتدا چوونەتە ناو ئەشکەوتەکە، کەرەستە و پێداویستییان کەم بووە و دەمامکیان پێنەبووە، ئەشکەوتەکە رووخاوە، بۆسە دانراوە، گازی کیمیایی هەبووە، یان هاوڕێی شەهید و بریندارمان بەهۆی تەقینەوە بووبێت، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە."
 
لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم رووداوە حاڵەتێکی دەگمەن، چاوەڕواننەکراو و نائاسایی بوو. نابێت کەس گومانی لەوە هەبێت کە دوای ئەم رووداوە رێکاری زیادە دەگیرێتەبەر و بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداوی تاڵی لەم شێوەیە روونەداتەوە، بە وردی پێداچوونەوە بە سەرجەم پرۆسەکاندا دەکرێت."
 
وەزارەتەکە داوا دەکات کە خەڵک تەنیا پشت بە راگەیێندراوە فەرمییەکان ببەستن و هۆشداری دەدات لە "هەواڵ و لێدوانی بەمەبەست و چەواشەکارانە" کە بە "هەوڵێکی سیستماتیک بۆ لەکەدارکردنی هێزە چەکدارەکانی تورکیا" وەسفی دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە