رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی رابردووی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاتر لە 26 ملیۆن كهس لێیانەوە گەشتیان کردووە. لە 7 مانگی ئەم ساڵیش 135 ملیۆن کەس.
لە مانگی تەممووزی 2025، فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان خزمەتگوزارییان پێشکێشی 26 ملیۆن و 138 ھەزار و 27 کەس کردووە؛ هەروەها 252 هەزار و 833 فڕۆکە گەشتیان لەو فڕۆکەخانانەوە کردووە و 499 هەزار و 71 تۆن باری کارگۆیش هەبووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە 7 مانگی ئەم ساڵدا، 134 ملیۆن و 949 هەزار و 751 کەس بە 1 ملیۆن و 387 هەزار و 280 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەشتیان کردووە. هاوکات 2 ملیۆن و 834 هەزار و 635 تۆن باری کارگۆ هەبووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار 230 ملیۆن و 224 هەزار و 611 کەس لە رێگەی 2 ملیۆن 290 هەزار و 581 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە. هەروەها 4 ملیۆن و 941 هەزار و 729 تۆن کەلوپەلیش بە کارگۆ لەم فڕۆکەخانانەوە گواستراونەتەوە.
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستانن. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ