رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بەراورد بە مانگی ئەیلوول لەو وڵاتە، 0.1٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8.8٪.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا(تویک)، رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، ئامارەکانی رێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری پەیوەست بە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
تویک دەڵێت، لە مانگی تشرینی یەکەمدا رێژەی بێکاری لە نێو کەسانی 15 ساڵ و سەرووتر، بەراورد بە مانگی ئەیلوول 0.1٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8.8٪.
هەر بە گوێرەی تویک، ژمارەی بێکارانی باکووری کوردستان و تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەم، بەراورد بە مانگی ئەیلوول، 61 هەزار کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 175 هەزار کەس.
تویک دەڵێت، رێژەی بێکاری لە نێو پیاواندا 6.9٪ و لە ژنانیشدا 12.3٪ بووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا ریژەی بێکاری لە نێوان کەسانی تەمەن 15-24 ساڵدا بەراورد بە مانگی ئەیلوول 0.3٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 16.6٪.
هەر پەیوەست بەم تەمەنانە، رێژەی بێکاری لە پیاواندا 12.6٪ و لە ژناندا 23.9٪ بووە.
لەبارەی دابینکردنی هەلی کارەوە تویک دەڵێت، لە مانگی تشرینی یەکەم، بەراورد بە مانگی ئەیلوول، 156 هەزار کەس کاریان دەستکەوتووە و گەیشتوونەتە 32 ملیۆن و 970 هەزار کەس.
هاوکات دابینکردنی هەلی کار لە مانگی تشرینی یەکەم، بەراورد بە مانگی ئەیلوول 0.2٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 49.9٪. بەجۆرێک ئەم رێژەیە لە پیاواندا 67.4٪، لە ژنانیشدا 32.8٪ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ