ئەردۆغان: رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین

10-12-2024
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 10-12-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە گۆڕانکارییە هەرێمی و جیهانییەکان کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرەتای گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی سووریا و گوتی: "هیوا و نزامان ئەوەیە سووریا کە ئەو 13 ساڵەی لە تاریکیدا بەسەربردووە، لە دوای 61 ساڵ حوکمی بەعسی دیکتاتۆر، گەیشتبێتە رۆشنایی."
 
گوتیشی: "ئەو رژێمە کەمینەیە کە ئەسەدی ستەمکار ساڵانێک لەڕێی گوشار، ستەم و کۆمەڵکوژییەوە لەسەر پێ رایگرتبوو، رۆژی یەکشەممە، 8ی کانوونی یەکەم لەگەڵ رزگاربوونی شام رووخا. بەمجۆرە دەرگایەک بەڕووی سووریا و خەڵکەکەی واڵاکرا کە بەرەو داهاتوویەکی بەختەوەرانە دەڕوات."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان رایگەیاند: "پەنا بەخوا لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەدا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش و پەکەکە/پەیەدە بە زووترین کات، سەرکوت دەکرێنەوە. بەوجۆرە یەکێتی و سەروەریی سووریا لە هەموو رووێکەوە بەهێز دەبێت. لەکاتێکدا دووبارە بوونیاتنانەوەی یەکێتی، پێکەوەژیان و برایەتیی خەڵکی سووریا هێندە نزیکبووەتەوە، ئێمە وا بیرناکەینەوە هیچ هێزێکی خاوەن ویژدان و عەقڵ بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکان."
 
ئەردۆغان دەڵێت: "تورکیا بە تەواوی توانا سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی و ئابوورییەوە لەم تێکۆشانە مێژووییەدا لەگەڵ خەڵکی سووریا دەبێت. هەروەک دەڵێین، سووریا بە تەواوی پێکهاتە و باوەڕە جیاوازەکانییەوە موڵکی سووریاییەکانە".
 
لەکاتێکدا ئێستا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیا، سێ ملیۆن پەنابەری خەڵکی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان لەو وڵاتەدا نیشتەجێن، ئەردۆغان جەختیکردەوە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە پشتیان لە سووریا کرد، تورکیا لە نێوخۆ و سنوورەکانی سووریاش پشتگیری کردن.
 
ئەردۆغان باسی لەو لایەنانەش کرد کە رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە سووریا دەگرن و ئەوانەش کە پێشتر گوشاریان لەسەر حکومەت دروستدەکرد بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ سووریا. 
 
بەپێی گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، "کەسانێک هەبوون دەیانویست لەڕێی نەژادپەرستییەوە پەڵە بخەنە سەر میواندۆستیی تورکیا. بەڵام خەڵکەکەمان رەسەن و بوێرانە هەنگاوی نا و نەخزایە نێو یاریی ئەو عەقڵە فاشیستە. جا دەمەوێت ئەمە بڵێم؛ لەمەودوا ناتوانین رێگە بدەین جارێکی دیکە سووریا دابەش ببێت. هەرگیز ناتوانین رەزامەندی نیشان بدەین بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ. هیچ هاندانێک و هەنگاوێک قبووڵناکەین کە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی سووریای برا. هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر ئیدارەی نوێی سووریا، سەقامگیری و یەکپارچەیی سووریا، خەڵکی سووریا و ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێت".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لە دۆخی ئاکپارتی کرد و رایگەیاند، ئێستا بە دۆخێکی "گرنگدا" تێدەپەڕن و سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی گەورە گوتی:"لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بەشێکی گرنگی کۆنگرەی رێکخستنی شارۆچکەکانمان تەواوکرد. هەروەها دەستمان بە کۆنگرەی پارێزگاکان کردووە. پلانم وایە بەشداری لە تەواوی کۆنگرەکانمان لە گەورەشارەکان بکەم. هەروەها کۆنگرەی پارێزگاکانی دیکە لە ژێر چاودێریی هاوڕێیانی پەیوەندیدارم بەڕێوەدەچن. پەنا بەخوا لە مانگی شوباتدا کۆنگرەی تەواوی پارێزگاکان تەواو دەکەین. هەروەک دەزانن لە مێژووی سیاسیی تورکدا هیچ پارتێک نییە هێندەی ئاکپارتی ئەو ماوە درێژە لە دەسەڵاتدا مابێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئاکپارتی دەبێت بە سوود وەرگرتن لە دوێنێ، ئەمڕۆ شتی تازەی پێ بێت و شتی تازە بڵێت.
 
ئاکپارتی دوای نزیکەی 20 ساڵ بۆ یەکەمینجار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، پلەی یەکەمی لەدەستدا و بووە دووەمین پارتی تورکیا.
 
لەوبارەیەوە ئەردۆغان گوتی: " بەداخەوە لەم دواییانەدا هەندێک گلەیی دەبیستین لەبارەی ئەوەی رێکخستنەکانمان نەیانتوانیوە پەیوەندیی باش لەگەڵ چین و تویژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دروست بکەن و نەیانتوانیوە بەگوێرەی پێویست کاریگەر بن و لێیانەوە نزیک بن. هەمان سەرزەنشت ئاراستەی سەرکردایەتی و فراکسیۆنی پەرلەمانیشمان دەکرێت. ئەگەر سەیری ئەو شارەوانییانە بکەین کە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا نەمانتوانی بەدەستیان بهێنین، دیارە کە ئەو گلەییانە بێ بنەما نین. لەکاتێکدا دوای ئەو هەموو خزمەتە، ئەگەر خەڵکەکەمان لە سندووقەکاندا دەنگی بە ئێمە نەدابێت، پێویستە لە خۆماندا بەدوای کەموکوڕیدا بگەڕێین نەوەک دەرەوە. کەواتە لە شوێنێک هەڵە، کەمتەرخەمی و هەڵەمان کردووە. کەواتە هێندەی چاوەڕوانییەکان نەمانتوانیوە لێیان نزیک ببینەوە".
 
سەرۆکی ئاکپارتی هەروەها بە پێویستی زانی ئاکپارتی بگەڕێننەوە سەر رێکخستنی کارگە (factory reset) و دووبارە بەخۆیاندا بچنەوە.
 
رۆژی 25-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە پارێزگەی ئیدلبەوە، بە ئاراستەی رۆژئاوای حەلەب هێرشیان کرد و دوای دوو رۆژ شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد. 
 
دواتر هەریەک لە حمس، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترەیان کۆنترۆڵ کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە