رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا رێگرییان لە کۆمەڵێک هاووڵاتیی ئێرانی کرد کە دەیانویست لەبەردەم کۆنسووڵخانەی ئێران لە ئیستەنبووڵ گردببنەوە. پۆلیس دەوروبەری کۆنسووڵخانەکەی گرتووە و رێگەی بە خۆپێشاندەران نەدا نزیک ببنەوە.
ئەم هەوڵەی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدایە کە لە 28ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە ئێران دەستیپێکردووە و بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە لە دوای شۆڕشی 1979.
نینا، کچێکی گەنجی ئێرانی کە لە ژێر باراندا بۆ پشتگیریکردن لە هاونیشتمانییانی راوەستابوو، رایگەیاند کە 72 کاتژمێرە هیچ هەواڵێکی خێزانەکەی نازانێت. نینا گوتی: "ئینتەرنێت و تەلەڤزیۆن لە ئێران بڕاون و چیدیکە ناتوانین پەیوەندییان پێوە بکەین." کچەکە حکومەتی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵک دەکوژێت، تەنانەت منداڵانیش ناپارێزێت."
ئەمیر حوسێن، گۆرانیبێژێکی خەڵکی تاران کە 20 ساڵە لە تورکیا نیشتەجێیە، رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت کە رێگە بە خۆپێشاندانەکەیان نادات و گوتی: "لە هەموو وڵاتێک مۆڵەت بۆ خۆپێشاندانی ئازادی و دیموکراسی دەدرێت، بەڵام لە تورکیا بەداخەوە هەرگیز رێگە نادرێت." ئەمیر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکەن چونکە وەک ئەو دەڵێت "رژێمەکەی ئێمە ئاسایی نییە و خەڵک دەکوژێت."
خۆپێشاندەرانی بەردەم کۆنسووڵخانەکە یەکدەنگ نەبوون لەسەر داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیان؛ هەندێکیان پشتیوانیی خۆیان بۆ رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران دەربڕی، بەڵام هەندێکی دیکە وەک مەهدی کە ئەندازیارێکی ئاوارەیە، رایانگەیاند کە ئەوان "دیموکراسی و کۆمارییان دەوێت، نەک پاشایەتی."
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆیی ئێران (IHR) کە بنکەکەی لە نەرویجە، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەی دواییدا لانی کەم 192 خۆپێشاندەر لە ئێران کوژراون. تورکیا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ئێستا میوانداریی زیاتر لە 74,000 ئێرانی دەکات کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان هەیە، جگە لە نزیکەی 5,000 پەنابەری ئێرانیی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ