رووداو دیجیتاڵ
لەیلا چاکر، کە پێشتر مامۆستای زمانی تورکی بووە و بە هۆکاری سیاسی لەکارلادرا، خۆی بۆ زمانی کوردی تەرخان کرد. ئێستا منداڵان فێری زمانی کوردی دەکات و هاوکات لەو ماوەیەدا 50 کتێبی وەرگێڕاوە.
دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016 لە تورکیا، حکومەت دەستی بە هەڵمەتێکی لەکارلادانی سەرباز، کارمەند و فەرمانبەران کرد. بەشێک لەوانە بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ ئەنجامدەرانی کودەتا و بەشێکیشیان بە هۆکاری جیاوازەوە لەکار دوورخرانەوە.
لەیلا چاکر، یەکێک لەو مامۆستایانە بوو کە ساڵی 2017 لە کارەکەی دوورخرایەوە.
ئەو مامۆستایە کە دەڵێ بەهۆی داواکردنی خوێندن بە زمانی دایک دوورخراوەتەوە، بڕیاری دا خۆی بۆ زمانی کوردی تەرخان بکات.
ئێستا وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە و هاوکات خەریکی وەرگێڕانی کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی.
ئەو مامۆستایە 50 کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەڵێت، "بە تەواوی ژیانی خۆم بۆ خزمەتی زمان و کولتووری کوردی تەرخان دەکەم. ئەمە تەنیا بۆ خۆم نییە، بەڵکو بۆ داهاتووی منداڵەکانیشمە."
چاکر ئەوکاتەی کارەکەی بە هۆکارێکی سیاسی لەدەستدا، لە کۆمەڵەی گەشەپێدانی زمان و کولتووری کوردی، دەستی بە گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی کرد. هەروەک خۆی دەڵێ، بەمەشەوە نەوەستا و دەستی بە وەرگێڕانیش کرد.
خولیای لەیلا چاکر بۆ زمانی کوردی لە ساڵی 2009ـەوە دەستیپێکردووە. ئەو کاتەی لە زانکۆ بوو، بە فێربوونی ئەلفوبێی کوردی دەستی پێکردووە و دواتر کارەکانی گەیاندووەتە ئاستی وەرگێڕان.
"ئەو کتێبانە وەردەگێڕم کە لە زیندانەوە دەیاننێرن"
زۆرینەی ئەو کتێبانەی وەریگێڕاون، جەخت لەسەر ماف و شوناسی کورد دەکەنەوە. لەیلا چاکر گوتی، "من بە زمانی تورکی خوێندم، زۆربەی ژیانم بەو زمانە تێپەڕاند، بەڵام دوای ئەوەی کارم لەسەر زمانی کوردی کرد، هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە. شێوازی ژیانم لەسەر بنەمای زمانی دایکم داڕشتەوە. ئێستا لە زانکۆ خوێندکاری بەشی کوردۆلۆجیم. دەمەوێت دوای تەواوکردنی خوێندن، لە بوارەکەی خۆمدا ببمە شارەزا و بە وەرگێڕانی کتێب و رۆمانی زیاتر، کارەکەم بگەیەنمە قۆناخێکی پرۆفیشناڵانەتر. ئەو کتێبانەی هاوڕێیانمان لە زیندانەکانەوە دەینێرن، وەریان دەگێڕم و بە هەردوو زمان کاری وەرگێڕان دەکەم."
"زمانی دایکمان بوونی ئێمەیە"
لە "کۆمەڵەی نووسەران" کە لە وان کراوەتەوە، خولی وەرگێڕان و هەڵەچنی دەکرێنەوە و گوتی، "زمانی دایکمان بوونی ئێمەیە، بۆیە دەبێت بیخەینە پێشینەی کارەکانی ژیانمان."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، دەبێت بایەخدان بە ئەدەب و نووسینی کوردی زیاد بکات و گوتی، "من لەمڕۆ بەدواوە ژیانم بۆ زمان و کولتووری کوردی تەرخان دەکەم. ئەمە تەنیا بۆ خۆم ناکەم، بەڵکو بۆ داهاتووی منداڵەکانیشم دەکەم. بەم کارە میرات و یادگارییەک بۆ نەوەی نوێ جێدەهێڵین."
لەیلا چاکر داواشی کرد کە مافەکانی کورد بناسرێن و خوێندن بە زمانی دایک بە یاسایی بکرێت.
"لە پێنج ساڵدا 50 کتێبی وەرگێڕاوە"
هەر لەبارەی ئەو کتێبانەی وەریگێڕاون، گوتی، "زۆربەی کتێبەکان بە زمانی تورکی بوون و لە زیندانەکانەوە بۆ وەرگێڕان دەهاتن، منیش کارم لەسەر نووسینەوە و وەرگێڕانیان دەکرد. هاوکاریی ئەو هاوڕێیانەش دەکەم کە پڕۆژەیان هەیە. ئێستاش خەریکی کۆکردنەوەی ئەو چیرۆکانەم کە پێشتر ڕوویان داوە و دەیانکەمە کتێب و وەریان دەگێڕمە سەر زمانی کوردی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ