رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئێوارەی رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و هەردوو سەرۆک پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا و پرسە هەرێمی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ئەردۆغان، جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا کردەوە، بەتایبەتی لە بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگییەکان لە پیشەسازیی بەرگریدا.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرژییەی بە هێرشەکانی سەر ئێران دەستیپێکرد، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبووە و رایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە رۆڵێکی گرنگیان لە پرۆسەی ئاگربەستدا هەبووە.
ئەردۆغان، باسی لە هێرشەکانی سەر لوبنان کرد و گوتی، "نابێت رێگە بە هیچ هەوڵێک بدرێت کە پرۆسەی ئاگربەست تێکبدات و تورکیا بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی هەر هاوکارییەک کە بتوانێت."
سەبارەت بە غەززە، ئەردۆغان رایگەیاند، دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتی لە کەرتی غەززە گرنگە و نابێت ئەو هەنگاوەی لەمبارەیەوە نراوە، لەدەستبچێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو سەرۆک باسیان لە مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پێشهاتەکانی سووریا، پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە قەوقاز و هەوڵەکانی بوژاندنەوەی دانوستاندنەکان بۆ ئاشتیی هەمیشەیی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ