پەرلەمانتارێكی ئاکپارتی: ناوی کورد لە دەستووری نوێی تورکیادا دەبێت

11-05-2025
هەوار ئیسماعیل
سونا کەپئۆڵو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد
سونا کەپئۆڵو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پێشبینی دەکات لە دەستووری نوێی تورکیادا ناوی کورد هەبێت و دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بەردەوام دەبێت.
 
سونا کەپئۆڵو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئایاری 2025 بووە میوانی رۆژی هیوا جەمال (کاژێر 08:00) و وەڵامی پرسیارەکانی هیوا جەمالی دایەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئاکپارتی قەدەخەی سەر زمانی کوردیی هەڵگرت، دوای ئەوەش پرۆسەی چارەسەری دەستپێکرد، بەڵام ئەو کات سەرکەوتوو نەبوو.
 
دەوڵەت باخچەلی لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 گوتی، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت.
 
کەپئۆڵو ستایشی ئەو بانگەوازەی باخچەلیی کرد و رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەڵامی بانگەوازەکەی دایەوە و دوای ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین دەمیرتاشیش پشتیوانییان لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان کرد، هیوای ئەوان وەکو دەسەڵات گەورەتر بوو.
 
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، ئەم پرۆسەیەی ئێستا لەسەر بنەمای پەرلەمانی تورکیا دەستپێکرا و لە پەرلەمانیش بەردەوام دەبێت. گوتیشی، پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت یاسای نوێ دەربکات بۆ مسۆگەرکردنی سەرخستنی پرۆسەکە.
 
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی گوتیشی، حیزبەکەی و هاوپەیمانیی جمهوور "هیواخوازن پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. دوای ئەوە، من وای دەبینم هەندێک ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان."
 
سونا کەپئۆڵو پێی وایە لە دەستووری نوێی تورکیادا هەندێک شت دەگۆڕدرێن و پێشبینی دەکات، ناوی کورد لەنێو دەستوورەکەدا هەبێت و هەندێک رێگە بکرێنەوە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بێگومان پەکەکەش بۆ دانانی چەک مەرجی هەیە، بەڵام "ئێمە مەرجەکانی ئەوان نازانین. پێشبینی دەکەم هەندێک لە داواکارییەکانی ئەوانیش جێبەجێ بکرێن. لە رۆژانی داهاتوودا دەستوورێکی مەدەنی و نوێ دادەڕێژرێت، کە رێگە بە هەموو خەڵکی تورکیا دەدات بە برایەتی و یەکگرتوویی بژین."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا هیچ گەرەنتییەک هەیە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت؟" کەپئۆڵو گوتی، "باوەڕ ناکەم جیهان برایەتیی کورد و تورکی بوێت، چونکە دەزانن ئەگەر کورد و تورک پێکەوەبن، برایەتییان دروست ببێت، ئەوا چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. بەڵام باوەڕ دەکەم کۆتاییەکەی زۆر جوان بێت. کەس ناتوانێت رێگری لەم کارە بکات. برایەتیی کورد و تورک سەر دەکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو