یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پێویستە پەکەکە لە ماوەیەکی نزیکدا چەکەکانی دابنێت

11-06-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، چاوەڕێن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نزیکترین ماوەدا "چەکەکانی دابنێت." لەبارەی گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەیشی دەڵێت، "تورکیا لە 100 ساڵەی خۆیدا شایەنی دەستوورێکی ئازادیخواز و سڤیلە."
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا شەوی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، لە پرۆسەی چارەسەریدا چوونەتە قۆناخێکی نوێ و گوتیشی، "بەڵام ئەم قۆناخە هێشتا بەردەوامە. پێویستە سەرەتا بە کرداری بڕیارەکانی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە جێبەجێ بکرێن."
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بە وردی لەسەر هێڵن و لە رێگەی هەندێک میکانیزمەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن، بۆئەوەی بە هەمیشەیی وڵاتەکەمان و ناوچەکە لە بەڵای تیرۆر رزگار بکەین، ئەمە (پرۆسەکە) دەرفەتێکی گرنگە."
 
لە وەڵامی پرسیاری "کەی پەکەکە چەک دادەنێت؟" یڵماز گوتی، "پێشبینیکردنی کات بۆ بابەتێکی وەها ئاسان نییە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ نەکرێت، دەکرێت هەندێک لایەن بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن."
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی حکومەتی تورکیا دەست بە پرۆسەی چارەسەری لەو وڵاتە کرا. پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئەم مانگە، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوە کرد، "دەستووری ئێستامان دەستووری کودەتایە. ئەم دەستوورە لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 ئامادەکرا و بەمجۆرە خرایە بەردەمی گەل. بۆیە دەبێت تورکیا لە شەرمەزاریی ئەم دەستووری کودەتایە رزگاری بێت."
 
یڵماز پێیوایە، گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیادایە؛ باسی لەوەش کرد، "تورکیا لە سەت ساڵەی خۆیدا شایەنی دەستوورێکی ئازادیخواز و سڤیلە."
 
ئەو گوتەیەی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدایە، مەهەپە و ئاکپارتی بە دەستووری ئێستای تورکیا بە "بەرهەمی کودەتا" ناودەبەن و دەیانەوێت بیگۆڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.