رووداو دیجیتاڵ
ئەردۆغان نیگەرانە لە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ناتۆ و دەڵێت، "هەر ئەگەرێکی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان، بێگومان جێگەی نیگەرانییە".
رۆژی پێنجشەممە 11-07-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە واشنتن رایگەیاند، "هەر ئەگەرێکی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هاوپەیمانیی ناتۆ و رووسیا جێگەی نیگەرانییە. پێویستە خۆمان لە هەر هەنگاوێک لابدەین کە بەرەو ئەو ئاراستەیەمان ببات".
ئەمڕۆ سێیەم و دوایین رۆژی لووتکەی ناتۆیە لە واشنتن کە تێیدا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە بەشدارن.
لێدوانی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، لە دووەم رۆژی لووتکەکە، ئەندامانی ناتۆ بڕیاریاندا فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکراینا بنێرن و باسی بە ئەندامبوونی ئۆکرایناش لە هاوپەیمانێتییەکە لە ئارادابوو.
شەوێک پێش لووتکەکە، رووسیا بە چەندین مووشەک چەند شارێکی ئۆکراینای کردە ئامانج و زیاتر لە 30 کەس کوژران. یەکێک لەو ئامانجانەی بەر هێرشەکەی رووسیا کەوت، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە منداڵان بوو لە کیێڤی پایتەخت.
تورکیا چەند جارێک درۆنی بۆ ئۆکراینا ناردووە، بەڵام وەکو وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا سزای نەخستووەتە سەر رووسیا. ساڵی پێشوو ئەردۆغان چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت و گوتی، "ئۆکراینا شایانی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ".
ئەو لووتکە سێ رۆژییە هاوکاتە لەگەڵ 75 ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ؛ ئەو هاوپەیمانێتییەی بەقسەی بەرپرسانی رووبەڕووی دوو ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. یەکەم، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی؛ دووەم، سیاسەتی چین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
لە سەرەتای دروستبوونیدا لە ساڵی 1949، ناتۆ تەنیا 12 ئەندام بوو. ئێستا بۆ 32 ئەندام زیادیکردووە کە نوێترینیان سوێد و فینلاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ