رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەڵێت: ''پەکەکە هەنگاوی گرنگی ناوە''. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت حکومەتی تورکیا دەستەواژەی ''تورکیای بێ تیرۆر'' بۆ پرۆسەی چارەسەری بگۆڕێت.
سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە، 10ی تەممووزی 2025، رێوڕەسمی سیمبوولیی چەکدانانی لەلایەن پەکەکەوە بە ''هەنگاوێکی گرنگ'' وەسف کرد؛ گوتیشی، ئێستا پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت.
تەمەللی لەبارەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان و ئەو هەنگاوە سیمبوولییەی پەکەکە دەڵێت: ''گەواهیدەری ساتێکی مێژوویین''، هاوکات پێشیوایە ئەو هەنگاوانەی پەکەکە و ئۆجەلان، رۆڵی گرنگیان لە بەرقەراربوونی دیموکراسی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان دادەنێن، دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردنیان لە تورکیا پێ بدرێت.
بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، دەبێت حکومەتی تورکیا دەستەواژەی ''تورکیای بێ تیرۆر'' بۆ پرۆسەی چارەسەری بگۆڕێت؛ باسی لەوەشکرد: ''پێویستە هەموومان لە پێناوی بەدیموکراسی بوونی تورکیا هەوڵبدەین''.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا کە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.
چەکدانانی پەکەکە لەکاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''تورکیای بێ تیرۆر''، لەلایەن دەمپارتیشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ