ئەحمەد تورک بۆ رووداو: پێویستە کۆنگرەیەکی کوردستانی بۆ باسکردن لەسەر داخوازییەکانی گەلی کورد پێکبهێندرێت

11-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد کە هاوسەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردینە
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد کە هاوسەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردینە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەحمەد تورک دەڵێت: ''خوازیاری یەکسانی و دادپەروەرین بۆ تورکیا بۆ ئەوەی گەلان پێکەوە بە برایەتی بژین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێـمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
 
رۆژی هەینی، 11-07-2025، ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد کە هاوسەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردینە، دوای رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی 30 کەسیی گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری قسەی بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر کرد.
 
ئەحمەد تورک باسی لە رێوڕەسمی چەکدانانی ئەو گرووپە 30 کەسییەی گەریلا کرد و گوتی: ''رۆژێکی مێژوویی بوو. ئەمڕۆ [پێویستە] سیاسەتێکی نوێ لەنێو کورددا بونیات بنرێت و لەسەری بەردەوام بن.''
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە ئاماژەی خەباتی نزیکەی 100 ساڵی رابردووی گەلی کورد بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی کرد و  گوتی: ''پێم وایە کێشەی کورد لە رێگەی سیاسەتێکی دیموکراسییەوە چارەسەر دەبێت کە ئەمڕۆ ئەم هەنگاوە نرا.''
 
چەکدانانی پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتەکە بوو. ئەحمەد تورک گوتی: ''بەرێز ئۆجەلان بەو بڕیارە داوای لە پەکەکە کرد واز لە شەڕی چەکداری بهێنێت و لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە خۆی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە. ئێمەش وەک هەموو سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان، بە هەر شێوەیەک بتوانین بۆ ئاشتی و مافی گەلی کورد، لە خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین و پەرەی پێدەدەین''.
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە باسی لە قۆناخی دوای چەکدانانی پەکەکە کرد و گوتی، لە تورکیا چەندین دیدار بەڕێوەدەچێت و ''کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکدەهێندرێ. لەو کۆمیسیۆنەشدا بۆ ماف و یەکسانیی گەلی کورد، هەوڵ دەدرێت و گفتوگۆ دەکرێ.''
 
ئەحمەد تورک جەختی لەوە کردەوە، داواکاریی ئەوان لە پڕۆسەی چارەسەریدا ''یەکسانی و دادپەروەرییە، بۆ ئەوەی هەموو گەلان بە برایەتی و یەکسانی ژیانێکی پێکەوەیی بەڕێوەببەن؛ دەمانەوێت گەلانی کورد، تورک و عەرەب لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە دیالۆگ رێز لە یەکدی بگرن. تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین دیموکراسی، یەکسانی و دادپەروەری بەدیبهێنین؛ ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە.''
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە پێیوایە، لە تورکیا، هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان ''رۆژ دوای رۆژ بناخەی دیموکراسی بونیات دەنرێت و [پێویستە] لەسەر ئەو بنەمایەش هەموو سیاسەتڤانانی کورد بە دیالۆگ، مافی گەلی کورد بپارێزن.''
 
ئەحمەد تورک لەبارەی رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری گوتی: ''خزمەتێکی گەورەیان کرد، خزمەتێکی گەلێک گەورەیان پێشکێشکرد. ئێمە سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، جەنابی نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ دەکەین بۆ هاوکارییەکانیان. ئەم خزمەتە بۆ گەلی کورد و ئاشتییە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بگاتە ئاشتی، بگاتە قۆناخی دیموکراسی''.
 
ئەحمەد تورک جەختی لە پێویستی یەکڕیزیی سیاسەتڤانانی کورد کردەوە و گوتی: ''بۆ ئەوەی دیموکراسی بونیات بنرێت، پێویستە نەوەک تەنیا سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان، بەڵکو هەموو سیاسەتڤانانی کورد، سیاسەتێکی هاوبەشیان هەبێت. ئەوە خاڵێکی گرنگە.''
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە دەڵێت، کۆبوونەوەی دیکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەبێت و ''بۆچوونی هەموو سیاسەتڤانانی کورد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە وەردەگرین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن لەم پڕۆسەیە دەڕوانن، دەتوانن لەوبارەوە چی هاوکارییەک لەڕووی عەقڵ و هۆشمەندییەوە پێشکێش بکەن.''
 
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد، خوازیاری پێکهێنانی کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکی کوردین ''بۆ ئەوەی هەموو ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد بهێنینە رۆژەڤ و هەموو سیاسەتڤانان تێیدا بەشدار بن. ئەگەر کۆنگرەیەکیش ساز نەکرێت، پێویستە دیداری سیاسەتڤانانی کورد هەبێت، بۆچوونی خۆیان بڵێن و لەسەر ئەو بۆچوونانەش ئێمە پرۆژەیەک دەخەینە بەردەم دەوڵەت [ـی تورکیا]''.
 
یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''تورکیای بێ تیرۆر''، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە