ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بۆ 29 کەس بەرزبووەوە؛ کەسێکیش گیانی لەدەستداوە

11-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
دیمەنی بینایەک کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاوە. وێنە: AA
دیمەنی بینایەک کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاوە. وێنە: AA
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای باڵکەسیری تورکیا بۆ 29 کەس بەرزبووەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. بوومەلەرزەکە کاژێر 07:53ی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە سنووری قەزای سندرگی روویدا.
 
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئابی 2025 لە قەزای سندرگی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، 52 کەس بەهۆی کاریگەربوون بە بوومەلەرزەکە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، 29یان بریندار بوون. لەو 29 کەسە 18یان گەڕاونەتەوە ماڵەوە و 11شیان چارەسەر وەردەگرن.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، شەوی رابردوو سەبارەت بە زیانی بوومەلەرزەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، 16 باڵەخانە لە قەزاکە رووخاون، بەڵام 12یان چۆڵ بوون.
 
عەلی یەرلیکایا گوتی، هاووڵاتییان لە چوار باڵەخانەکەی دیکە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا چوونەتە دەرەوە و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، تیمەکانیان چوار کەسیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکردووە؛ هاوکات پیاوێکی تەمەن 81 ساڵ دوای دەرهێنانی لە ژێر داروپەردوودا گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر روویداوە و لە پارێزگاکانی دەوروبەری وەک ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و بورسا بە بەهێزی هەستی پێکراوە.
 
هەر ئەم بەیانییەش بوومەلەرزەیەک لە هەمان قەزا بە گوڕی 4.4 پلەی رێخەر روویدا.
 
رۆژی 23ی نیسانی ئەم ساڵ، لە کاژێر 12:13 خولەک تاوەکو کاژێر 13:02 خولەک، چوار بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ روویاندا کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.2 پلە بوو بە پێوەری رێختەر. هەر چوار بوومەلەرزەکەش بە قووڵایی جیاواز لە دەریای مارمارا تۆمارکران.
 
بە گوتەی داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، 151 هاووڵاتی برینداربوون کە زۆربەیان بەهۆی خۆهەڵدان لە بەرزاییەوە بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."