رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی، پرۆسەی چارەسەری بە "سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی برایەتیی هەزار ساڵەی تورک و کورد" ناودەبات و دەڵێت، "وانەوەرگرتن لە رابردوو، بەرپرسیارێتیی هاوبەشمانە."
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی دووشەممە 11ی ئابی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا نووسی، "چەندین گەنجی کورد و تورک گیانیان لەدەستدا. تورک بن یان کورد، گەریلا بن یان سەرباز، دەبێت رێز لە ئازار بگیرێ، هەموومان لە ئازاردا هاوبەشین."
گوتەبێژی دەم پارتی پرۆسەی چارەسەری بە "سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک" ناوبرد و گوتیشی، "وانە وەرگرتن لە رابردوو، بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموومانە."
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 51ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.
ساڵی 2013 پرۆسەیەکی چارەسەری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی پەکەکە و تورکیا دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ