رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەهای دراوە بیانییەکان لە تورکیا، داواکاری بۆ پاراستن لە مایەپووچبوون و راگەیاندنی روو لە زیادبوون دەکات. نوێترین نموونەش کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک "ئاتا سیلاح"ـە کە سەر بە کۆمپانیای "ئارمسن"ـە و هەناردەی بۆ زیاتر لە 70 وڵات هەیە، داوای مۆڵەتی یاسایی کردووە بۆ خۆپاراستن لە مایەپووچبوون.
کۆمپانیاکانی ئاتا (ATA Arms) و ئارمسن (ARMSAN) کە بە دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی تفەنگی راو لە تورکیا دادەنرێن و سەرمایەکەیان دەگاتە 150 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 3 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار)، بەهۆی کێشەی داراییەوە رۆژی 10ـی ئابی 2025، داوای پاراستنی یاساییان کردووە لە مایەپووچبوون.
هۆکاری ئەم داواکارییە بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خاو و وزە، هەڵکشان و داکشانی بەهای دراوەکان و کەمبوونەوەی بازاڕەکانی هەناردەکردن دەگەڕێتەوە.
دووەم دادگەی بازرگانیی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ، بڕیاری دا بۆ ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی کاتی بداتە هەردوو کۆمپانیای "ئارمسن بۆ پیشەسازی و بازرگانیی چەک" و "ئاتا بۆ پیشەسازیی چەک". هەروەها دادگە لیژنەیەکی کاتیی پێکهاتوو لە سێ کەسی بۆ چاودێریکردنی رەوشی کۆمپانیاکان و رێکخستنەوەی قەرزەکانیان دەستنیشان کرد.
کۆمپانیای ئاتا لە ساڵی 1955 دامەزراوە و هەناردەی چەکی بۆ زیاتر لە 75 وڵاتی جیهان هەبووە. کۆمپانیاکە لە ساڵی 2023ـدا توانای بەرهەمهێنانی 150 هەزار چەکی گڕداری لە ساڵێکدا هەبووە و بازرگانیی لەگەڵ دەیان وڵات دەکرد.
کۆمپانیای ئارمسن-یش کە لە ساڵی 2006 لە ئیستەنبووڵ دامەزراوە، بەتایبەتی بە بەرهەمهێنانی تفەنگی راوی نیوە ئۆتۆماتیک ناسراوە و بەشێکی گرنگی هەناردەکانی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ