دەم پارتی کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات

12-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوی کۆتایی 12یەمین کۆنگرەی پەکەکە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی، دەستەی کارگێڕیی ناوەندیی دەم پارتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 دیوانی 12یەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەکەی بڵاوکردەوە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند؛ جەختیان لەوە کردەوە ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکەوە ئەنجام دەدران کۆتاییان پێهات.
 
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڕیاری دا ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکی لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی دەستەی کارگێڕی ناوەندیی ئەنجام بدرێت.
 
دوای کۆبوونەوەکە، بڕیارە ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی دەم پارتی بڵاوبکاتەوە.
 
رۆژی 9ی ئایاری 2025 دەستەی کارگێڕی ناوەندیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی 8 خاڵیی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە بڵاوکردەوە و هەڵوێستی پارتەکەی بۆ قۆناخی دوای کۆنگرە بڵاوکردەوە.
 
دەم پارتی رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و لە پێناو دیموکراسییەکی راستەقینەی تورکیا، پێویستە لە سەرووی هەمووانەوە پەرلەمانی تورکیا و تەواوی دامەزراوە سیاسییەکان شان بدەنە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە.
 
01-10-2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
  
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە