رووداو دیجیتاڵ
پەکەکە بڕیاری داخستنی لاپەڕەی زیاتر لە 40 ساڵی خەباتی چەکداری دا. ئەو دەڵێت، ئەرکە مێژووییەکەی تەواو بووە، سیاسەتی نکۆڵی و لەنێوبردنی سەر گەلی کوردی تێکشکاندووە و کێشەکەی گەیاندە ئاستی چارەسەر بە سیاسەتی دیموکراسی.
ئیدی کاتی ئەوەیە، شەڕ لە سەنگەر و چەپەرەکانی چیا و زنارەکانی کوردستانەوە، بگۆڕێت بۆ خەباتی سەر مێزی دانوستاندن و سیاسەت لە ئەنقەرە.
خەڵکی ئامەدی گەورەترین شاری باکووری کوردستان بە ئاهەنگگێڕان دڵخۆشیی خۆیان بە بڕیارەکە دەربڕی.
لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد، کە پێدەچێت بەرژەنگی گەورەترین رووداوی ساڵی وڵاتەکە بێت.
دواجار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لە پێشهاتی چاوەڕواننەکراو و گۆڕانکاریی یەک بە دوای یەکدا، تورکیا لە قۆڵێکەوە، ململانێیەکی لێ کەمدەبێتەوە، ململانێیەک کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە، تێچووەکەی بە خوێنی هەزاران سەرباز و دەیان ملیار دۆلار لەسەر ئەنقەرە کەوت، بێ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.
ئاکپارتیی فەرمانڕەوا بڕیارەکەی پەکەکە بە "قۆناخێکی گرنگی رێگەی تورکیایەکی بێ تیرۆر" ناودەبات.
ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت: "لە کۆتاییدا رێکخراوی تیرۆریستی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی راگەیاند."
دەشڵێت: "لەم قۆناخە گرنگەی پێی گەیشتووین، بەپێی میکانیزمێکی پێویست و دیاریکراو، کارەکان بەڕێوەدەچن و پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت."
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "کورد وەک بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورک، دامەزرێنەر و خاوەنی ھەمیشەیی کۆماری تورکیایە و دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتی نەتەوەی کوردیشە."
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەکدانانی پەکەکە باسی لەوە کرد، "کورد وەک بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورک، دامەزرێنەر و خاوەنی ھەمیشەیی کۆماری تورکیایە و دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتی نەتەوەی کوردیشە."
ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆکی پارتی ئاییندە بڕیاری پەکەکە بە "بڕیارێکی مێژوویی" ناودەبات و دەڵێت، "لەوە گرنگتر چۆنێتی جێبەجێکردنیەتی. چیدیکە باسی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و جیابوونەوە ناکرێت؛ کورد و تورک پێکەوە کار بۆ داهاتووی تورکیایەکی بەهێز دەکەن."
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشكەوتنی دیموکراسیش دەڵێت: "چاوەڕێ دەکەین هەموو ئەندامانی تیرۆر، بێ جیاوازی و بێ گوێدانە وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ و بە شێوەیەک کە هیچ گومانێک دروست نەکات، بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەستبەرداری چەک بن."
هاوکات پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی زۆرینە کوردی نێوەندگیری پڕۆسەی ئاشتی دەڵێت: "ساڵانێک شەڕ تاقی دەکرایەوە، بەڵام ئەنجامی نەبوو. ئەمڕۆ کەشێک هاتووەتە ئاراوە کە بە هیواوە لە ئامێزی دەگرین. قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد کە تەلە دڕکاوییەکان لادەبەین و تاج لە سەری ئاشتی دەنێین."
بەڵام وێڕای ئەم گڕوتینەی کە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دروستیکردووە، فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هۆشداریدەدات کە پڕۆسەی ئاشتی رەنگە کات بخایێنێت و ئەمڕۆ و سبەی کۆتایی نەیەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ