رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایانگەیاند، "هەرگیز چاوپۆشی ناکەین لە خراپ بەکارهێنانی پڕۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هیچ سازشێک لە پێداگریی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رووینەداوە."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست.
لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی مەیدانی لە دوای بڕیاری چەک دانانی پەکەکە، لیوا زەکی ئاکتورک رایانگەیاند: "پاش بڕیاری رێکخراوی تیرۆریستیی بۆ خۆھەڵوەشاندنەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تەواوی دامەزراوەکان لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتە مەیدانییەکان دەکرێت و گشت ڕێوشوێنەکان دەگیرێنەبەر."
راشیگەیاند: "ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی خۆیان رادەستدەکەنەوە لەزیادبووندایە. ئێمەش بەردەوامین لەسەر هەڵمەتەکانی گەڕان و کێوماڵ کردن و پاککردنەوەی ئەشکەوتەکان".
سەبارەت بە دوایین دۆخی سووریا، ئەو فەرماندەیەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایانگەیاند: "هەوڵی سەرەکییمان پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی سووریا، بەرزکردنەوەی توانای ئاسایشی ئەو وڵاتە و دەستەبەرکردنی هاوئاهەنگییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە نێوان هەردوو وڵاتدا."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا "وەبیری دەهێنینەوە کە هەرگیز چاوپۆشی ناکەین لە خراپ بەکارهێنانی پڕۆسەی تێکەڵبوونی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/هەسەدە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا. جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هیچ سازشێک لە پێداگریی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رووینەداوە".
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ