رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، له توركیا و باكووری كوردستان، 177 كرێكار بههۆی رووداوه جۆراوجۆرهكان لهكاتی كاركردنیان، گیانیان لهدهستداوه.
ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکاران و دڵنیایی کارکردن لە تورکیا İSİG، راپۆرتی مانگی ئایاری ئەم ساڵەی لهبارهی دۆخی كرێكاران له توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردهوه. به گوێرهی راپۆرتەكه، 177 كرێكار بههۆی رووداوه جۆراوجۆرهكان لهكاتی كاركردنیاندا گیانیان له دهستداوه.
لە راپۆرتی ئەنجوومەنەكهدا هاتووە، ئەو كرێكارانەی لە مانگی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە، 165یان پیاو و 12یان ژنن. هەروەها 7 کرێکار کۆچبەرن و 6 کرێکارێکیش لە تەمەنی نێوان 15-17 ساڵیدا بووە.
لەبارەی ئەو پارێزگایانەی زۆرترین کرێکار تێیاندا گیانیان لەدەستداوە؛ 24 کرێکار لە ئیستەنبووڵ، 8 کرێکار لە ئایدن، 8 کرێکار لە موغڵا، 8 کرێکار لە ساکاریا، 6 کرێکار لە ئەنقەرە و 6 کرێکار لە گیرەسوون بوو.
لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانیانەوە؛ 21٪ لە رووداوەکانی کەوتنەژێر کەرەستە و داڕمانی بینا و 17٪یان لە رووداوەکانی کەوتنەخوارەوە لەسەر ئەسکەلە و بەرزاییەکانەوە و 15٪شیان بەهۆی رووداوەکانی جەڵتەی دڵ و هاتووچۆی کاتی چوون و هاتنەوەیان بۆ شوێنی کارکردن بووە.
هەروەها 38٪ی کرێکاران لە کەرتەکانی بیناسازیی و رێگاوبان، 35٪ی کرێکاران لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و دارستان، 15٪ لە سێکتەری بازرگانی، 25٪ لە سێکتەری گواستنەوە و گەیاندن و 15٪ لە سێکتەری پیشەسازیی گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2024ی ئەنجوومەنەکە؛ له سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان، 1897 كرێكار بههۆی رووداوه جۆراوجۆرهكان لهكاتی كاركردنیان، گیانیان لهدهستداوه. لەنێویاندا 1801 پیاو و 96یان ژنن. هەروەها 101 کرێکار کۆچبەرن و 114 کرێکارێکیش لە تەمەنی نێوان 15-17 ساڵیدابووە.
پار لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە، لە کۆی 16 ملیۆن و 413 هەزار و 359 کرێکاردا، تەنیا دوو ملیۆن و 421 هەزار و 940 کرێکار، ئەندامی سەندیکا پیشەگەرییەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ