ئەردۆغان دوای چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە: لاپەڕەیەکی نوێی مێژوویی لە تورکیا دەستپێدەکات

12-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، واتە دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەی.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە ئەنقەرە لەبارەی چەکدانانی دوێنێی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە قسەی کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە؛ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوودا هەڵدرایەوە. ئەمڕۆ دەرگەکانی تورکیای گەورە و بەهێز بە تەواوی کرانەوە."
 
دوێنێ هەینی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
 
ئەردۆغان لەبارەی دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە و زیانەکانی ئەو شەڕە قسەی کرد و رایگەیاند، لە 14ی ئابی ساڵی 1984دا پەکەکە یەکەمین کردەی چەکداریی خۆی لە سنووری پارێزگاکانی سێرت و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان ئەنجام دا، بەو هۆیەوە دوو سەرباز کوژران و 9 هاووڵاتی سڤیلیش بریندار بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، لەو رۆژەوە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا نزیکەی 10 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و 50 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتەوەی ئاکپارتی لە ساڵی 2002ەوە دەسەڵاتی لە تورکیادا گرتووەتە دەست، کاری زۆری کردووە، بە جۆرێک لە لایەکەوە رووبەڕووی پەکەکە بووەتەوە و لە لایەکی دیکەوەش کاری کردووە بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخەی کە وایکرد بیانوو بدرێتە پەکەکە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "رێوشوێنمان گرتەبەر بۆئەوەی نەهێڵین برا کوردەکانمان بکەونە نێو تەڵە"ی پەکەکە. گوتیشی، رێوشوێنیان گرتەبەر "بۆ بەجێگەیاندنی مافی برایەتی و پێکەوەژیان."
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیادایە و رایگەیاند، "86 ملیۆن هاووڵاتی سەرکەوتن. ئێمە دەزانین چی دەکەین. پێویست ناکات کەس نیگەران بێ و بترسێ. هەموو ئەمە بۆ تورکیا و داهاتوومان دەکەین."
 
1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
دەقی گوتارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
 
هاوڕێبازانی زۆر ئازیزم، ئەو هاووڵاتییە ئازیزانەش لە شاشەوە سەیری ئێمە دەکەن؛ 47 ساڵ لەمەوبەر، رێکخراوی تیرۆریستیی جووداخواز لە 14ی ئابی 1984 یەکەمین کردەی خۆی لە شارۆچکەی ئێرووهی سێرت و  شارۆچکەی شەمدینلیی هەکاری ئەنجامدا. لەم هێرشە تیرۆریستییەدا دوو سەبازمان شەهید بوون و نۆ هاووڵاتیی سڤیلیشمان بریندار بوون. لەو رۆژەوە رێکخراوەی جووداخواز، چەندین هێرشی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانمان و هاووڵاتییانی سڤیلمان ئەنجامداون. نزیکەی 10 هەزار کارمەندی ئاسایشمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا شەهید بوون، هەروەها نزیکەی 50 هەزار هاووڵاتیشمان لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. بەر لە هەموو شتێک، جارێکی دیکە داوای بەزەیی و میهرەبانی لە خوای گەورە دەکەم بۆ شەهیدەکانمان و بۆ ئەو هاووڵاتییانەمان گیانیان لەدەستداوە. ئەوانمان لەیاد نەکردوون، لەیادیشیان ناکەین. پشتیوان بە خودا، وڵاتەکەمان بۆ تاهەتایی دەمێنێت، پشت بە خودا ئاڵای مانگ و ئەستێرەدارمان لە ئاسمانەکەماندا بۆ هەمیشە و بەئازادی دەشەکێتەوە. ئەو شەهیدانەمان کە بە خوێنیان خاکی وڵاتیان ئاو دا و بە خوێنی سووری خۆیان ئاڵای مانگ و ئەستێرەدارمانیان رەنگ کردووە، بۆ هەمیشە وەک تاجی سەرمان دەمێننەوە. هاوڕێیانی قەدرگرانم، گەلی ئازیزم؛ بەداخەوە تیرۆر لە دوای یەکەمین کردەی ساڵی 1984، رۆژ دوای رۆژ لە تورکیا رووی لە زیادبوون کرد. لەو رۆژەوە چەندین حکومەت هاتن و گوتیان، تیرۆر لەڕەگەوە هەڵدەکەنن. بەڵام تیرۆر نە لە خاکی خۆمان، نە لە خاکی ئەو وڵاتانەش کە پێگەیان لێ دامەزراندبوون، کۆتایی نەهات. بێگومان هەندێک رێوشوێنی هەڵەی دەوڵەتیش هۆکار بوون. رووداوی تۆرۆسە سپییەکان و بکەر نادیارەکان، لە رێکارە هەڵەکان بوون. گرتووخانەی دیاربەکر، سووتاندنی گوندەکان، ئاوارەکردنی خەڵک و رێگەنەدان بەوەی دایکان لە گرتووخانەکاندا لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن، لە رێکارە هەڵەکان بوون.
 
گرتنەبەری رێکاری نایاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوە، لەبری لەنێوبردنی تیرۆر، بەپێچەوانەوە زیاتر هانی دا و گەورەی کرد. ئەوە زەوینەیەکی گونجاوی بۆ تیرۆر رەخساند کە بتوانێت خراپەکاری بکات. بەیەکەوە باجی هەڵەکانمان دا. بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەوە، جگە لە شەهیدبوونی کارمەندانی ئەمنی و گیانلەدەستدانی سڤیلەکان، ناسەقامگیریش رووی لە تورکیا کرد. لە رووی ئابوورییەوە نزیکەی دوو تریلیۆین دۆلار زەرەرمەند بووین. لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەوە بوو کە رێکخراوی تیرۆریستی، زیانێکی گەورەی بە سەقامگیری، یەکگرتوویی، برایەتی و یەکپارچەیی وڵاتمان گەیاند. کاتێک دوای هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەمی 2002 هاتینە سەر دەسەڵات، زۆر بە فراوانی لەسەر پرسی تیرۆر وەستاین. لەلایەک بەرەنگاری تیرۆر بووینەوە، لە لەلایەکی دیکەش خەریکی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە ناهەموارە بووین کە بەهانەی دەخستە بەردەمی تیرۆر. رێوشوێنمان گرتەبەر بۆ ئەوەی نەهێڵین برا کوردەکانمان بکەونە نێو تەڵەی رێکخراوی تیرۆریستییەوە، رێوشوێنمان گرتەبەر بۆ ئەوەی وڵات و گەلەکەمان لە تیرۆر دووربخەینەوە. بۆ بەجێگەیاندنی مافی برایەتی و پێکەوەژیان، هەنگاوی مێژووییمان نا. لە نێوخۆدا، لە بابەتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ هاوشێوەی شۆڕشێکی بێدەنگ لە کاتێکدا چاکسازیمان کرد، لە دەرەوەشدا لە کۆمەڵێک پەیوەندی دیپلۆماسیدا بووین. لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، پیشەسازیی بەرگریمان بەهێز کرد، بەبێ ئەوەی پشت بە دەرەوە ببەستین، چەکی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دروست کرد. لە رێگەی ئۆپەرسیۆنەکانی ئەودیو سنوورەوە، سنوورەکانمان بە تەواوی خستنەژێر کۆنترۆڵەوە. لە دوای هەوڵی ناپاکانەی کودەتاکەی 15ی تەممووز، سوپا و ئاسایش و هەموو دامەزراوەکانمان لە فەتۆ پاککردنەوە. بەم شێوەیە کۆتاییمان بەو ناپاکییە هێنا کە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەرامبەرمان کرا.
 
لەم ساڵانەی دواییدا، بەتەواوی توانای ئەنجامدانی کردەی رێکخراوی تیرۆریستیمان لەنێوبرد. رێگریمان کرد لەوەی کردە تیرۆریستییەکان زیان بە سڤیل و هێزە ئەمنییەکان بگەیێنن. ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق، هەروەها شۆڕشی 8ی کانوونی یەکەم لە سووریا، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هێزی ئێمەی زیاتر کرد. لەگەڵ بانگەوازە مێژووییەکەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانی هاوبەشمان، کۆمەڵێک هەنگاومان نا بۆ تەواوکردنی پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر. یەکەکانی ئاسایشمان بە هاوئاهەنگی کاریان کرد. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەتەی هاتە بەردەمی وڵاتەکەمان، پرۆسەیەکی زۆر هەستیار و وشیارانەمان بەڕێوەبرد. روونە کە رێکخراوی تیرۆریستی لەگەڵ بانگەوازەکەی ئیمرالی، کۆنگرەی بەست و هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند. دوێنێش رێکخراوەکە بڕیارەکەی خۆی جێبەجی کرد و لە رێوڕەسمێکدا چەکەکانی دانا. 
 
هاوڕێیانی خۆشەویستم، گەلی ئازیزم؛ لە دوێنێوە بەڵای 47 ساڵەی تیرۆر، پێی ناوەتە قۆناخی لەنێوچوون. تورکیا لەدوێنێوە دەستی بە داخستنی پەڕەیەکی درێژی پڕ لە ئێش، ئازار و فرمێسک کردووە. با لەبیری نەکەین؛ ئەمڕۆ، رۆژێکی نوێیە. ئەمڕۆ پەڕەیەکی نوێ لە مێژوودا هەڵدراوەتەوە. ئەمڕۆ، دەرگەی تورکیای بەهێز، تورکیای مەزن و سەت ساڵەی تورکیا واڵا بوو. لێرەدا دەبێت جەخت لە بابەتێک بکەمەوە؛ لەدوای یەکەمین کردەکەی 1984، دەوڵەتی کۆماری تورکیا بۆ لەنێوبردنی تیرۆر، هەموو رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر.
 
بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر، بە پشتبەستن بە ئەزموونی وڵاتانی جیهان، چەندین رێگەچارەی جیاواز لە خەباتی چەکداری تاقیکرانەوە، بەڵام هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون. پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر کە بەم دواییانە پەیڕەوی دەکەین، بە راشکاوی دەیڵێم، ئەنجامی دانوستاندن، مامەڵە و پرۆسەیەکی کڕین و فرۆشتن نییە. هەربۆیە لە سەرەتاوە زۆر وریا بووین. ئەمڕۆ وریاتریشین.
 
ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی هەموو هەوڵێک دەکەین کە خوێنڕشتن رابگرێت، فرمێسکی دایکان بسڕێت، ئازارەکان کەم بکاتەوە و برایەتی بەهێز بکات. بەڵام با هەمووان دڵنیابن؛ ئێمە رێگە نادەین شکۆ و سەربەرزیی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت. هەرگیز سەری تورکیا شۆڕ ناکەین. پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆریشمان هەر لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەدەبەین.
 
لە سەرووی هەمووشیانەوە، دەمەوێت هەموو تورکیا ئەمە بزانێت؛ هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گومان لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی هاوپەیمانمان و ستافەکەی بۆ تورکیا بکات. بە هەمان شێوە، هیچ کەسێک ناتوانێت گومان لە ناسیۆنالیزم، نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی من و ستافی ئاکپارتی، چ ئەوانەی لێرەن و چ ئەوانەی لێرە نین، بۆ تورکیا بکات. ئەمە نە لە توانا و نە لە مافی هیچ کەسێکدایە.
 
ئێمە لەگەڵ بەڕێز باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و ستافەکەی، گیان و خوێن و هەموو ئەزموون و ژیانی خۆمان بۆ تورکیای بێ تیرۆر داناوە. ئێمە هەرگیز بەشێک نەبووین لە هیچ کارێک کە لە بەرژەوەندیی تورکیادا نەبووبێت. ئەمڕۆش تێگەیشتن، سیاسەت، ئاراستە و هەوڵەکان تەنیا لە بەرژەوەندیی تورکیادا بوون. لە هەر هەوڵێکدا کە لە بەرژەوەندیی تورکیادا بێت، ئێمە لە پێشەوەی پێشەوە دەبینن. لە هەر هەوڵێکیشدا کە دژی بەرژەوەندیی تورکیا بێت، دیسانەوە ئێمە لە پێشەوەی پێشەوە و لە بەرامبەرییدا دەبینن. ئێمە زۆر باش دەزانین چی دەکەین. با هیچ کەسێک نەترسێت، دڵەڕاوکێی نەبێت و نیگەران نەبێت. با هیچ پرسیار لە مێشکی کەسدا دروست نەبێت. چی دەکەین، بۆ تورکیای دەکەین. چی دەکەین، بۆ گەلەکەمان دەیکەین. بۆ سەربەخۆیی خۆمان دەیکەین. بۆ داهاتوومان دەیکەین.
 
ئەمڕۆ ناچارم هەندێک راستی بە راشکاوی باس بکەم. تیرۆر هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دژەکانی کەرت و سیستمی ئابووری خۆی دروستکردووە. ئەوانەی وەک دژە تیرۆر خۆیان نیشان دەدا، هێندەی لایەنگرانی تیرۆر لە کردە تیرۆریستییەکان سوودیان بینیوە. گەلیان چەوساندەوە و نائارامییان قووڵتر کردەوە؛ هەوڵیاندا دەستکەوت لە هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بۆ بەرژەوەندییە قێزەونەکانی خۆیان بەدەستبهێنن. ئەوانە ئەمڕۆ خۆیان ئاشکرا دەکەن. کۆتاییهاتنی تیرۆر زیاتر لە هەمووان ئەوانی بێزار کردووە، چونکە ئیدی دەرگای بەرژەوەندییەکانیان دادەخرێت، چونکە پیلانەکانیان تێکدەچن؛ چونکە ئەو یارییەی بەدەستیانەوە بوو، لەدەستی دەدەن. هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بشێوێنن و مێشکەکان تاریک بکەن. با گەلەکەم ئەمانە ببینێت و با لەبیریان نەچێت کە هەرچەندە گەلەکەم ئەمانە ببینێت، ئەوەندە بەهێزتر دەبین. دەڵێن "ئێمە نەتەوەپەرستین"، وانییە؟ دەڵێن "ئێمە نیشتمانپەروەرین". تیرۆر کۆتایی دێت، دەی دڵخۆش بن، بەڵام ناتوانن دڵخۆش بن. بە خوێندنەوەی نیازەکان، بە خەیاڵکردن، بە دروستکردنی تیۆریی پیلانگێڕی، بە بڵاوکردنەوەی ترس، بە درۆکردنی ئاشکرا، هەوڵ دەدەن سێبەر بخەنە سەر خۆشیی گەل و ئەو هیوا نوێیانەی سەوز بوون، لەنێوببەن. هەرچییەک بکەن، تیرۆر کۆتایی دێت و دەبینن کە هەموویان بێکار دەمێننەوە.
 
ئەمڕۆ لەگەڵ کۆتاییهاتنی تیرۆر، چەوساندنەوەی تیرۆریش کۆتایی دێت. گەورەترین ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە گەلەکەم ئەم پاڵەوانە ساختانە ببینێت. با هیچ پرسیارێک لە مێشکی کەسدا نەمێنێت. وەک حکومەت و وەک کادیرانی ئاکپارتی، خەباتی 23 ساڵی رابردوومان، گوشارەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوە و هەوڵەکانمان خەریکە دەگەنە ئەنجام. تورکیا براوە بووە، گەلەکەم براوە بووە. 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورک، کورد، عەرەب، هەریەکەیان براوە بوون.
 
دووبارە جەختی لێدەکەمەوە. ئێمە بەشداریی هیچ هەوڵێک ناکەین کە مەبەستی یەکگرتوویی، یەکپارچەیی، نیشتمان، دەوڵەت، گەل، ئارامی و شکۆ و سەربەرزیی دەوڵەتمان بێت و هەرگیز رێگە بە هەوڵی لەو جۆرە نادەین. کۆماری تورکیا بە پێوەیە و تەنانەت ئەمڕۆ کۆماری تورکیا لە دوێنێ زۆر بەهێزتر، شکۆمەندتر، سەربەرزتر و لە هەمووی گرنگتر، بۆ داهاتووی خۆی لە دوێنێ زۆر گەشبینترە. سوپاس بۆ خودا، کەوانەی 41 ساڵە دادەخرێت. دیواری تیرۆر کە لە نێوان تاکەکانی گەلەکەماندا دروستکرابوو، دەڕووخێت. واز لە دڵەڕاوکێ بهێنن، با هەر تاکێکی گەلی ئازیزی ئێمە بەم دیمەنە دڵخۆش بێت، جەژن بگێڕێت و هەموو کۆڵان و شەقام و ماڵێکی تورکیا بە ئاڵای ئەستێرە و مانگی ئێمە بڕازێنرێتەوە.
 
تورکەکان دوێنێ نەکەوتوونەتە سەر شانۆی مێژوو. تورکەکان بە ناوەکانی ئیسکیت و ساکا لە سەدەی هەشتەمی پێش زایینەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر شانۆی مێژوون. تورکەکان لە ساڵی 751 لە شەڕی تالاس بە کۆمەڵ ئیسلامیان ناسی و بە موسڵمانبوون شکۆمەند بوون. لەو رۆژەوە کاتێک دەگوترێت تورک، موسڵمان دێتە یاد و کاتێک دەگوترێت موسڵمان، زیاتر تورک دێتە یاد. دوای مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە، سەمەرقەند، بوخارا، رەی، مەرڤ، ئیسفەهان، تەورێز، هیرات، دیاربەکر، قۆنیا، بورسا، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و چەندین شاری دیکە بوونە ناوەندی شارستانییەت، زانست، هونەر و دەوڵەتداریی تورک و موسڵمانان.
 
کاتێک سوپای سەلجووقییەکان گەیشتە بەغدا، شام و مەلازگرد، لەوێ لەگەڵ برا کورد و عەرەبەکانیان تێکەڵ بوون. سەرکەوتنی مەلازگرد، فەتحکردنی قودس، فەتحکردنی ئیستەنبووڵ، بەرگریی چاناکالە و شەڕی سەربەخۆیی، شەڕ و سەرکەوتنی هاوبەشی تورک، کورد، عەرەب و چەندین گەلی موسڵمانی دیکەیە. بەغدای هەزار و یەک شەوە لەلایەن تورک، کورد و عەرەبەوە دروستکراوە. قودس لەژێر فەرماندەیی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا لەلایەن تورک، کورد و عەرەبەوە فەتحکراوە. شام شاری هاوبەشی ئێمەیە. دیاربەکر شاری هاوبەشی ئێمەیە. ماردین، موسڵ، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، حەلەب، هاتای، ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە شاری هاوبەشی ئێمەن.
 
کاتێک تورک، کورد و عەرەب هاوپەیمانێتییان کرد، شنەبای جووڵەی ئەسپەکانیان لە دەریای چینەوە تاوەکو دەریای ئادریاتیک هەموو شوێنێکی فێنک کردەوە. لەگەڵ بازی ئەسپەکانماندا ئارامی بەسەر جوگرافیاکەدا بڵاوبووەوە. دەنگی شمشێرەکان ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە هێنا. کاتێک پێویست بوو، شمشێرەکانمان لە کالان دەرهێنا و شانبەشانی یەکدی جەنگاین. کاتێک پێویست بوو، بە خەنجەرەکانمان پارووە نانێکمان بەسەر سێ کەسدا دابەش کرد. کاتێک پێویست بوو، شمشێر و خەنجەرەکانمان خستەوە نێو کالان و قەڵەمەکانمان دەرهێنا. پێکەوە لەسەر زەوی، لە ئاسمان و لە دڵی یەکدیدا "لا إله إلا الله محمد رسول الله"مان نەخشاند. کاتێک هاوپەیمان بووین، هیچ کەسێک نەیتوانی لەبەردەم ئەسپ، شمشێر، قەڵخان، هاوار و تەگبیرەکانماندا بووەستێ. کاتێک هاوپەیمان بووین، هیچ کەسێک نەیتوانی لە شارستانییەت، هونەر، زانست و ئاستی خۆشگوزەرانیماندا رکابەریمان بکات. ئەگەر تورک، کورد و عەرەب پێکەوە بن، یەک بن، ئەوا ئەو کاتە تورک هەیە، کورد هەیە و عەرەب هەیە. بەڵام کاتێک جیادەبنەوە، دابەش دەبن و لێک دووردەکەونەوە، ئەوا شکست، دۆڕان و خەم هەیە. سوپای مەغۆلەکان بێبەزەییانە شارە ئیسلامییەکانیان وێران کرد، چونکە تورک، کورد و عەرەب لێک جیاببوونەوە. خاچپەرستەکان هێرشیان کردە سەر شارە ئیسلامییەکان، چونکە تورک، کورد و عەرەب لێک دابڕابوون. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دۆڕاین، سنوور لەنێوانماندا کێشرا و دیوار دروستکرا، قودسمان لەدەستدا، چونکە دووبەرەکی هەبوو. هەرکاتێک جیابووینەتەوە، دۆڕاوین. هەرکاتێکیش هاوپەیمان بووین، ئاراستەی مێژوومان دیاری کردووە. ئەمڕۆ لە غەززە و فەلەستین، دڕندانەترین و وەحشیانەترین کۆمەڵکوژیی مێژوو ئەنجام دەدرێت. بۆچی؟ چونکە تورک، کورد و عەرەب وەک هەمیشە لە مێژوودا ناتوانن کۆببنەوە و هاوپەیمانێتی پێکبهێنن.
 
ئامانجی کۆتایی تیرۆر دابەشکردنی تورکیا بوو، بەڵام هێزی هیچ کەسێک بەشی دابەشکردنی تورکیا ناکات. بەڵام ئەوان ئێمەیان سەرقاڵ کرد، کاتیان پێ لەدەستداین، زیانی ئابوورییان پێگەیاندین و وزەیان لێ سەرف کردین. لە هەمووی زیاتر هەوڵیان دا دووبەرەکی بخەنە نێوان تورک و کوردەوە. لە ماوەی 41 ساڵدا کێ بردییەوە؟ بارۆنەکانی تیرۆر، کەرتی تیرۆر و ئەوانەی بە خوێن دەژین، بردیانەوە. ئەوانەی حیساباتی قێزەونیان لەسەر تورک، کورد و عەرەب هەبوو، بردیانەوە. ئەمڕۆ ئێمە ئەم یارییە قێزەونە، ئەم پیلان و بزووتنەوەی دووبەرەکییە تێکدەدەین و ژێراوژووری دەکەین. مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەمڕۆ تورک و کورد بەبێ هیچ بەربەستێک جارێکی دیکە بە خۆشەویستییەوە باوەش بە یەکدییدا دەکەنەوە. ئەمڕۆ رۆحی مەلازگرد، هاوپەیمانیی قودس و شەڕی سەربەخۆیی سەرلەنوێ دروست دەبێتەوە. ئەمڕۆ بەرەبەیانی تورکیایەکی گەورە و بەهێز هەڵدێت. ئێستا دادەنیشین و قسە دەکەین، نەوەک بە چەک و تووندوتیژی، نەوەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ خۆشەویستی و برایەتی، بە لابردنی بەربەستی تیرۆر، رووبەڕوو و دڵ بە دڵ قسە دەکەین.
 
جەخت لەوە دەکەمەوە کە دەتوانین هەموو کێشەیەک بە قسەکردن چارەسەر بکەین. هەر هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە، با تورک بێت، کورد بێت، عەرە بێت، سوننە بێت، عەلەوی بێت، چەپ بێت، راست بێت، دەوڵەمەند بێت یان هەژار، لەبەرامبەر دەوڵەتدا هاووڵاتیی پلە یەکە. کۆماری تورکیا ماڵ و سەقفی هاوبەشی هەموومانە. 86 ملیۆن کەس یەکین، پێکەوەین و لە ئەزەلەوە تا ئەبەد براین. سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانمان، هەموومان پێکەوە تورکیایین. 23 ساڵە بۆ ئەمە تێدەکۆشین و پشتیوان بە خودا تورکیا ئەم تێکۆشانە بە تاجی سەرکەوتن دەگەیەنێت. برای کوردم، کێشەت هەیە؟ بەبێ چەک، تووندوتیژی و تیرۆر دادەنیشین و قسە دەکەین. برای عەلەوی، کێشەت هەیە؟ بە دیالۆگ چارەسەری دەکەین. باوەڕ بکەن بەرەکەت دێتە سەر خوانەکانمان. ئارامی دێتە نێو ماڵە گەورەکەی تورکیا. بەو بەرەکەت و ئارامییە، هەموو بەربەستەکان تێدەپەڕێنین و بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێین.
 
با لەبیرمان نەچێت، کاتێک دڵەکان یەکبن، سنوورەکان نامێنن. وەک هەنگاوی یەکەم، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێنین و لەژێر چەتری پەرلەماندا دەست بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە دەکەین. دووبارەی دەکەمەوە، وەک هاوپەیمانیی کۆمار، ئاکپارتی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست و شاندی دەم پارتیش پێکەوە ئەم پرۆسەیە، بە ویستی خودا، بەرەو داهاتوو دەبەین.
 
شاندی دەم پارتی دوێنێ لەگەڵ نوعمان کورتووڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە. ئێمە پێمان وایە کە ئەو بەشدارییە بەهێزەی پەرلەمانمان پێشکێشی پرۆسەکەی دەکات، بۆ کارەکانی بەڕێوەدەچن، گرنگییەکی چارەنووسسازە. لەم پرۆسەیەدا، لەگەڵ خوالێخۆشبوو سری سوورەیا ئۆندەری برامان، پاشان لەگەڵ خاتوو پەروین بوڵدان و میتحات سانجار ئەم هەفتەیە کۆبووینەوە و گفتوگۆمان کرد. پێکەوە باسمان لەوە کرد کە بۆ ئەم رێڕەوە چی بکەین. دیارە دەکرێت و شتی جوانتر روودەدات. هیوادارم پەرلەمانیش بە فراوانترین بەشداری و بە رێبازێکی بنیاتنەر و ئاسانکار، پشتگیریی ئەم پرۆسە خێردارە بکات. لێرەدا دەمەوێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەمەش بڵێم، نەوەک تەنیا کێشەی هاووڵاتییە کوردەکانمان، بەڵکو لەبیرتان نەچێت کێشەی برا کوردەکانمان لە عێراق و سووریاش، کێشەی ئێمەیە. لەگەڵ ئەوانیشدا ئەم پرۆسەیە تاوتوێ دەکەین و قسەیان لەگەڵ دەکەین و ئەوانیش زۆر دڵخۆشن. ئەم پێشهاتانەی تورکیا، بەتایبەتی ئەو هەنگاوانەی دوێنێ نران، لە عێراق دەنگدانەوەی زۆر جیاوازی هەبوو. ئارامی، ئاشتی و ئاسایشی برا کوردەکانمان لە سووریاش، مەرجی سەرەکیی ئێمەیە.
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنی تیرۆر، لەبیرتان نەچێت کۆماری تورکیا لە جاران زۆر بەهێزتر و باوەڕ بە خۆتر دەبێت. چی دیکە وزەمان بۆ کاری سەرەکیی خۆمان تەرخان دەکەین. سەرچاوەکانمان نەوەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵکو بۆ گەشەپێدان، خۆشگوزەرانی و تورکیایەکی ئاوەدان و سەرکەوتوو بەکاردەهێنین. تورکیا بە برایەتی گەورە دەبێت، تورکیا بە دیموکراسی بەهێز دەبێت، تورکیا بە ئارامی و متمانەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت. دەبینن کە لە نزیکترین کاتدا بە تورکیایەکی زۆر جیاواز دەگەین. لەبیرتان نەچێت، دەرگاکانمان بەتەواوی بۆ ئەوانە کراوەیە کە بەدوای رێگەی دەرچووندا دەگەڕێن، بەڵام ئەگەر ئاوەکان بە پێچەوانەوە بڕۆن، ئەوەی پێویست بکات، ئەنجامی دەدەین
 
جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویست ناکات هیچ کەسێک نیگەران بێت. تورک لەچاو دوێنێدا زۆر پارێزراوتر و بەهێزترە. کورد و عەرەب لەچاو دوێنێدا زۆر پارێزراوتر و بەهێزترن. دەزانم تێپەڕاندنی ئازارەکان ئاسان نابێت، بێگومان پشتگوێخستنی یادەوەرییە تاڵەکان ئاسان نابێت. بێگومان ئەوانەی لەدەستمانداون ناگەڕێنەوە، بەڵام بە ویستی خودا گەنجەکانمان جارێکی دیکە لە بەهاری تەمەنیاندا لێمان جیا نابنەوە. پشتیوان بە خودا، دایکانمان فرمێسک ناڕێژن و ئازاری جگەرگۆشەکانیان نابینن.
 
ئەم گەلە بە چەندین قەیراندا تێپەڕیوە و بەسەر چەندین تەڵەدا زاڵ بووە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ. برینەکانمان سارێژ دەکەین و بەهێزتر و سوورتر لەسەر رێگەکەمان بەردەوام دەبین. وەک وڵات و گەل، ئێمە خاوەنی ئەم خۆباوەڕی و ویستەین. بەبێ ئازاردان، دڵتەنگکردن و شکاندنی دڵی هیچ کەسێک، بەپێی هەستیاریی پرۆسەکە، ئاسانکار دەبین بۆ ئەوەی کارەکە بەخێرایی بگاتە ئەنجام. چەکدانان لە رێگەی میکانیزمە دامەزراوەکانەوە بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکەین. دایکانی شەهیدان، باوکانی شەهیدان، دەستتان ماچ دەکەم. هیچ کەسێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر یادی پیرۆزی شەهیدەکانمان و میراتەکەیان لەکەدار بکات. بەڵێ، دڵنیابن، بەم خاڵەی پێی گەیشتووین، ئامانجی شەهیدەکانمان بەدیهاتووە. خوشک و برا بریندارەکانی سەنگەر، دڵنیابن، بەم خاڵەی پێی گەیشتووین، قوربانیدانەکانتان تاجی سەرمانە. شەهیدەکانمان تورکیایان گەیاندە ئێرە، بریندارانی سەنگەر گەیاندیانە ئێرە، سوپاسگوزاری هەریەکەیانین.
 
ئەوەی ئەمڕۆ دەبوو بگوترێ، محەممەد عاکیف ئەرسۆی 104 ساڵ لەمەوبەر مزگێنی دابوو. لە مارشی سەربەخۆییدا دەڵێت: "وەک بەرەبەیان شەپۆل بدە ئەی هیلالی شاناز، با هەموو خوێنە رژاوەکانم حەڵاڵ بن. هەرگیز بۆ تۆ و بۆ رەگەزی من لەناوچوون نییە. ئازادی مافی ئاڵاکەمە کە بە ئازادی ژیاوە، سەربەخۆیی مافی گەلەکەمە کە خودا دەپەرستێت."
 
خوایە رێگە و بەختمان رووناک بکەیتەوە. سوپاسی خۆم ئاراستەی ئەندامە قارەمانەکانی سوپا قارەمانەکەمان دەکەم کە هۆکاربوون بۆ بینینی ئەم رۆژانە، هەروەها پۆلیس، جەندرمە، یەکەکانی پاراستنی کەناراوەکان، پاسەوانە ئەمنییەکانمان کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن، پاڵەوانە بێناوەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیمان، بریندارە بەڕێزەکانی سەنگەرمان و کەسوکاری بەڕێزی شەهیدەکانمان و گەلی ئازیزم کە سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەی لە ماوەی نیو سەدەدا چەشتوویەتی، رێگەی نەداوە برایەتیی هەمیشەیی لەم خاکەدا لەکەدار ببێت.
 
لێرەوە جارێکی دیکە سوپاسی دڵسۆزانەی خۆم پێشکێش دەکەم بە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی هاوپەیمانمان، شاندی دەم پارتی کە بە شێوازێکی ژیرانە خاوەندارێتییان لە پرۆسەکە کرد، بەتایبەتی خوالێخۆشبوو سری سوورەیا ئۆندەر، پارتە سیاسییەکان و ئەکتەرەکان کە سەرەڕای جیاوازیی ئاراستەکان، لە پرسە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی نیشتمانییان نواند، دامەزراوەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان کە بە شێوازی بڵاوکردنەوەی بەرپرسیارانە پاڵپشتیی پرۆسەکەیان کرد، هەروەها هاوڕێیانی دیکەمان کە ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراوە. لێرەوە سوپاسی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردیش دەکەم کە پاڵپشتیی کاری یەکە ئەمنییەکانمانیان کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.