رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، ئەمڕۆ سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، لیژنەکە کاژێر 14:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' لە رۆژانی سێشەممە و هەینیی هەفتەی رابردوو دوو جار کۆبووەتەوە.
لە یەکەمین کۆبوونەوەدا نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رەشنووسێکی 12 خاڵی لەبارەی رێکار و بنەماکانەوە پێشکێش کرد. رەشنووسەکە دوای چەند گۆڕانکارییەک، بە کۆی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە پەسند کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام بەپێی پێویست، دەکرێت ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا هەریەکە لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) ئامادەبوون. هەر سێ وەزیرەکە راپۆرتی خۆیان لە بوارەکانی ئاسایش، بەرگری و هەواڵگری پێشکێشی لیژنەکە کرد و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەکەیان دایەوە.
''هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ