رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا دەبێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش لە وڵاتەکەی و ناوچەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پرۆسەی چارەسەری ''ئامانجی هاوبەشی گەلەکەمانە''.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025 لە گوتارێکیدا لە شاری کۆنیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی، ''ئامانجی هاوبەشی گەلەکەمانە. ئەمڕۆ هەموومان بەیەکەوە شایەتحاڵی ئەوەین کە ئەم ئامانجە گەورەیە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە راستی''.
یاریدەدەرەکەی سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێویستە بەرەی نێوخۆیی لە وڵاتەکەی بەهێز بکرێت، باسی لەوەش کرد: ''لەکۆتایی ئەم رێگەیەدا خۆشگوزەرانی، ئارامی و برایەتی هەیە''.
یڵماز گوتی، کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەی دەبێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش لە وڵاتەکەی و ناوچەکەش؛ راشیگەیاند، سەرخستنی پرۆسەکە ''بەرەو تورکیایەکی زۆر بەهێزترمان دەبات لەرووی دیموکراسی و ئابوورییەوە''.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ