رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەردانی سەرۆکی پارتی دێڤای کرد و بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکی مەهەپەش بکات.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی 12ـی کانوونی یەکەم، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکات.
شاندەکە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل پێکدێت و کاژێر 11 لە بارەگای پارتی دێڤا لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) کۆبوونەوە.
بڕیارە کاژێر 14:00 شاندەکەی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆببێتەوە.
گەڕی ئەمجارەی سەردانەکانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، بۆ گەیاندنی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە-یە بۆ قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری کە لە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە دەستیپێکردووە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو، شاندەکە سەردانی هەریەک لە ئاکپارتی و جەهەپە-ش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ