تورکیا رەتی دەکاتەوە هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆسەر رۆژئاوای کوردستان هەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بچنە نێو هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە و گوتی، "جگە لە تێکەڵبوون، هیچ بژاردەیەکی دیکە ئەنجامی نابێت."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە راگەیێندراوێکی نووسراو وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەسەدە پێچەوانەی رێککەوتنی 10ی ئادار دەجووڵێتەوە و تاوەکو ئێستا هەنگاوی جیدی نەناوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو هێزەکانی دەوڵەتی سووریاەوە.
 
وەزارەتەکە بەم شێوەیە باسی هەسەدە دەکات: "سەرەڕای رێککەوتنی 10ـی ئادار، بەردەوامبوونی رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە لە چالاکییەکانی لەبری ئەوەی تێکەڵی سوپای سووریا ببێت، زیان بەو کەشە سەقامگیری و ئارامییە دەگەیێنێت کە هەوڵ دەدرێ لە سووریا دابمەزرێت. هەڵوێستی هەندێک وڵاتیش هانی هەسەدە دەدات بۆ ئەوەی تێکەڵ نەبێت و چەک دانەنێت. هەوڵەکان بۆ کات کوشتن بێهوودەن. جگە لە تێکەڵبوون، هیچ بژاردەیەکی دیکە ئەنجامی نابێت."
 
لە رۆژانی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکرێ و هەندێک ڤیدیۆش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە کە جووڵەی سوپای تورکیایان دەردەخست.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و گوتی، "ئەو چالاکییانەی لە گرتەکاندا دەردەکەون، چالاکیی رۆتینیی ئاڵوگۆڕی هێزەکانن. ئەوەی کە دەبێت بەڕاستی چاودێری بکرێ، جووڵەی رۆتینی سوپای تورکیا نییە، بەڵکو دۆخی رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە و چالاکییەکانی سوپای سووریایە."
 
رۆژی 08-12-2025یش ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەم ساتە، هیچ پێشهاتێکی مەیدانیی مەترسیدار نییە، نە هاتنەناوەوەی راستەوخۆی هێزەکانی تورکیا بۆ منبج و نە هێزی پشتیوانیی نائاسایی لە دێرەزوور یان سەرێکانی."
 
ئەبو عومەر ئیدلبی ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و هێزەکان ئەرکی ئاسایی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە