گێچەڵە سێکسییەکەی پەرلەمانی تورکیا گەورەتر دەبێت: بڕیاری دەستگیرکردنی 4 کەسی دیکە درا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گێچەڵی سێکسی لە پەرلەمانی تورکیا فراوانتر دەبێت و بڕیاری دەستگیرکردنی 4 کەسی دیکە دەرچوو. پێشتر فەرمانبەرێکی پەرلەمان دەستگیر کرابوو.
 
لێکۆڵینەوەکان لەبارەی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر ژمارەیەک قوتابیی کچی ئامادەییەکی پیشەیی کە لە پەرلەمانی تورکیا راهێنانیان دەکرد، فراوانتر دەبن.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، رۆژی هەینی 12ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، جگە لە قوتابییەک بەناوی (د.ک)، گوتەی 3 قوتابی دیکەش وەرگیراوە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دەستگیرکردنی 4 گومانلێکراوی دیکە دەرچووە.
 
لە راگەیێندراوی داواکاری گشتییدا هاتووە، وردبینی لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کارگێری کراوە کە بۆ سکرتارییەتی گشتیی پەرلەمانی تورکیا نێردرابوو و لێکۆڵینەوەکان بەرفراوانتر بوون.
 
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا رۆژی هەینی لە سەنتەری چاودێریی منداڵان، گوتەی 3 کچی دیکە وەرگیراوە کە رووبەڕووی گێچەلی سێکسی بوونەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە 4 گومانلێکراوی دیکە کە گێچەڵی سێکسییان کردووەتە سەر قوتابییەکان، دەستگیربکەن و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان، رەوانەی داواکاری گشتیی بکرێن.
 
چی روویدابوو؟
 
دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە لە چێشتخانەی پەرلەمان فەرمانبەرێک گێچەڵی سێکسی بە قوتابییە کچەکانی ئامادەیی کردووە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، لەبارەی بابەتەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، یەکێک لە قوربانییەکان بەناوی (د.ک) کە لەلایەن ئەو فەرمانبەرەی پەرلەمانەوە رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە، لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 سەردانی لقی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرەی کردووە و سکاڵای تۆمار کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو، کچە قوربانییەکە رایگەیاندووە، کاتێک لە پەرلەمان راهێنانی کردووە، گومانلێکراوێک بەناوی (هـ.ئـ.گ) کە لە چێشتخانەی پەرلەمان کاری دەکرد، گێچەڵی سێکسی پێکردووە و هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتەسەری.
 
داواکاری گشتی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، گومانلێکراو (هـ.ئـ.گ) لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستبەسەرکرا و بە بڕیاری دادگە دەستگیر کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە