رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری کرد.
ئەمڕۆ هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، هەریەک لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و ئۆزگور ئەرۆل، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
پەروین بوڵدان رایگەیاند: "دیدارێکی زۆر بەرهەمدارمان هەبوو. زانیاریمان دایە بەڕێز باخچەلی و شاندەکەی لەبارەی ئەو دیدارەی لە 2ـی کانوونی یەکەم لە ئیمراڵی ئەنجامماندا. لەبارەی قۆناخەکانی پرۆسەکەوە قسەمان کرد. هەروەها راوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد لەبارەی ئەوەی لەمەودوا پێویستە چی بکرێ. دیدارێکی زۆر گرنگ و بەنرخ بوو."
پەروین بوڵدان رایگەیاند: "پێمانوایە لەو قۆناخەی پرۆسەکە پێی گەیشتووە، پێویستە لەسەر بنەمایەکی نوێ بەردەوام بین. پێویستە بڵێین کە چووینەتە قۆناخی دووەم. قۆناخی دووەمیش پێویستی بە بنەمای یاسایی و مافپەروەرییە، پێویستی بە رێکخستنێکی یاساییە. بێگومان ئەم رێکخستنە یاساییە دەبێت یاسایەکی ئاشتی بێت".
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی گوتی: "لەمەودواش ئەو کارانەی کۆمیسیۆن و پارتە سیاسییەکان دەیانکەن، گرنگ دەبن. بۆیە ئێمەش بیروبۆچوونەکانی خۆمانمان گەیاندە بەڕێز باخچەلی. چاوەڕوانییەکانمان لەبارەی یاساکەوە خستنەڕوو و داوای بەشداریی ئەوانمان کرد. هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە بەڕێز باخچەلی بەشداریی زۆر بەنرخی هەبووە، لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە لەمەودواش بەردەوام دەبێ."
دەوڵەت باخچەلیش گوتی: "پەروین خان هەموو بابەتێکی بە روونی خستەڕوو. واژۆ لەسەر هەموو رستەیەکی دەکەم."
هەر ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی (پارتی دێڤا) کۆبووەوە. عەلی باباجان پێی راگەیاندن، پشتگیریی روونیان لە پرۆسەکە کردووە و دەیکەن.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، شاندەکە زنجیرە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان جگە لە ئیی پارتی درێژە پێبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ